بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: پشكی حاجیانی عێراق بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ زیادكراوە بۆ 50 هەزار كەس، دوای ئەوەی بۆ چەند دەیەیێک دەچێت وەک پێویست گرنگی نەدراوە بە پشكی عێراق.
پێشتر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی حەجی سعوودیە كردبوو، ڕێژەی بەشداریی حاجیانی عێراق بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ زیاتر بكات و بەشێوەیێكی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ داواكەی عێراقدا بكرێت.
بۆ فەریزەی حەجی ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی سعوودیە بڕی 33 هەزار و 690 كورسی بۆ هاووڵاتیانی عێراق دابین كردبوو، لەو ژمارەیەش لە 15%ی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و 550 كورسیشی بۆ كەسوكاری زیندانیانی سیاسی و قوربانیانی دەستی تیرۆر و حەشدی شەعبی و ئەو كەسانە بوو كە لە لایەن ڕژێمی پێشووەوە لە سێدارە دراوون.
ژمارەی حاجیانی ساڵی ڕابردووی ھەرێم 5 هەزار و 469 كەس بوو، لەگەل زیادبوونی ژمارەی حاجیانی عێراق، چاوەڕوان دەكرێت پشكی هەرێمیش زیاتر بكرێت لە چاو ساڵانی ڕابردوودا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment