بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی سەرۆکی پێشوی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی وەکوو ئەندامی یەدەگی دادگای فیدڕاڵی عێراق سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکار بوو، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پهرلهمانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "دادگای فیدڕاڵی عێراق هیچ نوێنەرێکی پارتی تێدا نییە".
جەختکردنەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە نەبوونی نوێنەری حزبەکەی لە دادگای فیدراڵی عێراق لەکاتێکدایە، پێشتر ئەو دادگایە دوو ئەندامی کوردی تێدابوو، کە یەکێکیان بە نزیک لە یەکێتی و ئەویتریان نزیک لە پارتی دادەندرا.
۱۲ی ئازای ئەمساڵ عەبدولرەحمان سلێمان، ئەندامی ئەنجومەنی دادگای فیدڕاڵی عێراق کە دەوترێت لە پارتییەوە نزیکە، دەستی لە ئەندامێتی ئەو دادگایە کێشایەوە و هۆکارەکەی بۆ "دژایەتیکردنی سیستەمی فیدراڵی" لەلایەن دادگاکەوە گێڕایەوە.
عەبدولرەحمان سلێمان ئەوکات ڕایگەیاند، "لە دادگای فیدڕاڵی دو ئەندامی کوردن هەن و لە بڕیارەکانی دادگادا هیچ دەسەڵاتێکیان نییە بۆ پارێزگاریکردن لە هەرێمی کوردستان و مافە دەستورییەکانی".
دوای تێپەڕبونی زیاتر لە دو مانگ بەسەر دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرە، لە ڕۆژی ۲۵ی پێنجی ۲۰۲۴، دادوەر جەزا جاسم سەرۆکی پێشوی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی، وەکو ئەندامی یەدەگی دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبەردەم سەرۆک کۆماردا سوێندی یاسایی خوارد.
دادگای فیدراڵی عێراق لە سەرۆک و جێگر و حەوت دادوەر پێکهاتووە، هەروەها چوار دادوەریش ئەندامی یەدەگی دادگاکەن، لە ئێستادا ئەندامێکی سەرەکی و ئەندامێکی یەدەگی دادگاکە کوردن.
Your Comment