لەم دۆخەدا خوێندنەوەی کتێبی بەناوەرۆکی (چۆن خۆت لە تەڵەی پرسیاری رۆژنامەنووسانی ژیر و چەلەنگ دەدزییەوە، بێ ئەوەی شتێک بشکێنی ؟!) زۆر زۆر پێویستە، بەڵام چونکە کتێبی وا لە ئارادا نییە و هێشتا نەنووسراوە کەوابێ دەرفەت بۆ ئیجتیهادی فرە کراوەیە مادام بابی رەحمەتی ئیجتیهاد دانەخراوە و ئیشەکە زەحمەت نەکرێت باشترە.
دوو هەفتەی ناوجەرگەی وەداعی رەمەزان و سێ رۆژەی جەژنی پیرۆز هاوەڵانی رۆژنامەنووس پشتی گەرمی جەژنە پیرۆزە لەسەر هەڵبژاردنی کوردستان دەپرسن و کۆڵنادەن؛ ئەی ئەگەر فڵان نەیکرد و نەیهێشت و هیچی پەسەندنەکرد، ئێوە چی دەڵێن و چی دەکەن و چی دەقەومێ؟
جا چونکە تازە قسە بە ناو بانگەکەی مامۆستا سەلاحەدین بەهادین کە وتی (ئەیکا ئەیکا) بۆتە وێردی سەرزمانی خاسوعام جوان نییە دەستی بەسەرا بگرین . دەبێ هەر جوابێک بڵێیت دەنا جەژنانە و نوقلی جەژنت پێ نییە.
ڕاستێکەی هەندێک جاریش ئیلحاحی زۆری پرسیارەکان دەچێتە بابی بارمتەی ژوری ئۆپەراسێۆنی سیاسییەوە بۆ پرسی ناڕەوا. لەم حاڵەدا پرسیار ئێسکگران دەبێ وەک پرسیاری غەوارەی خۆ بە دۆست زان کە لە منداڵ دەپرسن (دایکت خۆش دەوێ یان باوکت) و ئەی کامیان زیاتر ؟ یان لە پیاوی فەقیر دەپرسن دایکت خۆش دەوێ یان دایکی منداڵەکان کە هەر جوابێکی کێشەدارە و دارکاری بە دواوەیە.
برا پێش ئێوە و ئێمەش شاعیرمان عەبدوڵا پەشێو لە باسی بژاردە رۆمانسییەکاندا گوتویەتی ؛ (هەم تۆم خۆش دەوێ و هەم ئەویش
هەم تیشکی خۆر دەپەرستم و هەم تریفەی مانگەشویش)
جا ئێمەش هەروا، بەس بە شیعر نایزانین و بە پەخشانی رەوا و رەوانی سیاسیی دەیڵێین:
هەڵبژاردن و دیموکراسیمان گەرەکە و یەکێتیی ریزەکانی گەلیش، بەشداری هەمووان و گشتمان پێ خۆشە و حەزیش دەکەین خۆمان بیبەینەوە.
کوردستان و نەتەوە و قەوارەی هەرێممان لا پیرۆزە و ئازادی رادەربڕین و بەشداری سیاسیی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتیشمان، کەرکووکی گوتەنی؛ (دەها پێخۆشترە).
بۆچی ئەم مافە بەرامبەر مافی تر رابگرین کە هەقە پێکەوەیان گرێبدەین.
ئەسڵی ئەم هەقە باوکە دامەزرێنەرەکانی کوردایەتی تەمغەیان لێداوە و دەستوری وڵات بۆی سەلماندوین و جاڕنامەی مافی مرۆڤیش ئەشهەدومابیللای بۆ کردووە. ئێ بە خوا گەلەکەشمان، بەو هەموو قوربانی و ئازایەتییەوە، لایق بەو مافانەیە و شایانێتی.
Your Comment