بەبێ بەشداریکردنی پارتی، هەڵبژاردن شەرعیەتی نابێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ بەشداریکردنی پارتی دیموکرات هەڵبژاردن شەرعیەتی نابێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دڵشاد ڕەشید، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان بە باسنیوزی ڕاگەیاندووە: "زەحمەتە بەبێ پارتی هەڵبژاردن بکرێت، دەبێت ئەم بابەتە بە لێکتێگەیشتن لە نێوان هەموو لایەنەکان بکرێت، هەروەها پێویستە رێککەوتن لەسەر کاتێکی دیکە بۆ هەڵبژاردن بکرێت، ئەم کاتەی ئێستا ئەگەر بۆ سێ تا چوار مانگی دیکە دوا بخرێت، هیچ جیاوازییەکی وا دروست ناکات، تا هەموو لایەک بەیەکەوە لە هەڵبژاردن بەشدار بن، بەم جۆرە پرۆسەکە سەرکەوتووتر دەبێت".

سەبارەت بەوەی ئەگەر لە هەڵبژاردن پارتی بەشدار نەبێت، ئاخۆ هەڵبژاردنەکە شەرعیەتی دەبێت؟ دڵشاد رەشید گوتی: "نەخێر زۆر زەحمەتە، ئاڵۆزی و پەرتەوازەیی دروست دەبێت، چونکە پارتی هێزێکی گەورەیە و ئەوە ئەمری واقیعە".

لەبارەی ئەو زانیارییانەی کە باس لەوە دەکەن، لە ئێستاوە لە لایەن وڵاتێکی هەرێمییەوە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێکخراوە، ئاخۆ گۆڕان ئەمە قەبووڵ دەکات؟ دڵشاد ڕەشید ڕایگەیاند: "بێگومان نەخێر، ئەوە شتێکی نادەستووری و نایاساییە، نازانم ئەو زانیارییە تا چەند ڕاستە؟ بەڵام ئەگەر واشبێت، قەبووڵکراو نییە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی هەواڵی دەزگایەکی میدیایی دا کە گوایە پارتی داوای دواخستنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بۆ کاتێکی تر کردووە بۆ ئەوەی بە هەمان مەرج و ڕێوشوێن و یاساکانی ئێستا، بەشداریی لە هەڵبژاردن بکات، لەمبارەیەشەوە رای گەیاند: "ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە و پارتی لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێکی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قەبووڵ ناکات و بە پێویستی دەزانێت هەموو کەموکوڕییە تەکنیکی و پێشێلکارییە دەستووری و یاساییەکان لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بکرێن و ڕاست بکرێنەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و دەستووری بەڕێوە بچێت و سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە مافی دەنگدانیان هەبێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش دەستکاری نەکرێن".

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە "دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژارەیەک لەگەڵ پارتی باس کراوە بۆ ئەوەی پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکات و لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ کاتێکی تریش دوابخرێت، دەبێ ئەو ڕاستکردنەوە دەستووری و یاسایی و تەکنیکیانە ئەنجام بدرێن کە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد پێویستە".

News Code 223292

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha