بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بەمشێوەیە:
نەورۆز، جەژنی نەتەوەیی و سەری ساڵی تازەی کوردی، بە گەرمی لە خێزان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، لە هەر کوردێک و هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان لە هەرکوێ بن، پیرۆز دەکەم. هیوای ساڵێکی تازەی پڕ لە خۆشی و تەندروستیی باش، ئارامی و ئاسوودەیی و سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم.
ئەمڕۆ کە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕین، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەم، بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و بە لێکگەیشتن، ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن تا بتوانین پێکەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان ببینەوە و فیدراڵی و قەوارەی سیاسی و ماف و دەسکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین. هەمووان لە هەمان کەشتیداین و ئەگەر هاوهەڵوێست و یەکڕیز باین، دۆخەکە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت.
گەلی کوردستان هەرگیز واز لە ئازادی و مافەکانی ناهێنێت. مێژوو سەلماندوویەتی تا نکۆڵی لە کورد و کوردستان بکرێت و مافەکانی پێشێل بکرێت، عێراق خۆشی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت. با هەموومان لە عێراق لە هەڵەکانمانەوە فێر ببین. جێبەجێنەکردنی دەستوور و فیدراڵی و ڕێککەوتنە سیاسییەکان، دەستیدەستیکردن بە شایستەکان و هەوڵی بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی، جگە لە زیان هیچ سوودێکی بۆ عێراق نابێت.
لەم جەژنە پیرۆزەدا جەخت لە بڕوا و سیاسەتی نەگۆڕمان دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە لە ناوچەکە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت. خوازیاری پەیوەندیی باش و دۆستانە و دراوسێیەتیی باشە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی هاوبەش. هەر لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی لەو گەلانەش دەکەین کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن و ئەم یادە دەکەنەوە.
سوپاسی تێگەیشتن و گیانی بەرپرسیاریەتی و خۆڕاگریی فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان دەکەم. لە نزیکەوە ئاگاداری باری ژیان و گوزەرانیانین. چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، کاری لەپێشینەی هەموومان لە هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە. دڵنیایان دەکەمەوە کە ئەم سەختیانەش تێدەپەڕن و دەبنە ڕابردوو. بە ئومێدەوە بەرەو ژیان و داهاتوویەکی باشتر هەنگاو دەنێین و کوردستان بۆ هەمیشە وڵاتی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و فرەیی دەمێنێتەوە.
Your Comment