هیچ حزبێک بۆی نییە کاندید بۆ پێکهاتەکان دەستنیشان بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕۆژی سێشەممە ۱۲ی مانگی ۳ی ۲۰۲۴، لە ماڵی تورکمان لە هەولێر ۱۰ حزبی سیاسی تورکمانی دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێریان بە کۆی دەنگ بڕیاریاندا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مونا قەهوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاند، هەرحزبێکی سیاسی کوردی لە ناو لیستەکانیان بە بێ ڕا و بۆچوونی پێکهاتەکان و لە دەرەوەی ئیدارەی پێکهاتەی تورکمان کاندیدی خۆیی دەستنیشان بکات وەک نوێنەری پێکهاتەکان، ئەوە دەستێوەردانە لە کاروباری پێکهاتەکان و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینە بەر، چوونکە نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەکان ئێمەین.

ناوبراو  ڕاشیگەیاند: "سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆ بووینەوە و لەبارەی دواین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان، ئێمە پێمان وایە بڕیارەکە تەواو سیاسیە و نادەستووریە و لە دەرەوەی ئیرادەی پێکهاتەکانە بۆیە بڕیارماندا بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین."

مونا قەهوەچی وتیشی: "تا سیستەمی کۆتا دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەکان، ئێمە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین، چونکە سیستەمی کۆتا بە یاسا ڕێکخراوە و جگە لە پەرلەمانی کوردستان هیچ دامەزراوەیەک بۆی نییە، سیستەمی کۆتا هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە ئێمە وەک ڕێزگرتنێک لە یاسا و بڕیارەکانی سەر هەرێمی کوردستان وەستاوین، هەروەها دەنگدەری خۆمان بە هەموو شێوەیەک ڕازیبووە لە سیستەمی کۆتا، بۆیە بڕیارمانداوە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەین."

پێکهاتەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن سکاڵاکەی یەکێتی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، پێکەوە ژیانی لە کوردستان نەهێشت و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ڕای وایە،" پێکهاتەکان نوێنەری ڕاستەقینە نەبوون و لە بەرژەوەندی حزبێکی سیاسی لەناو پەرلەمانی کوردستاندا کاریان دەکرد".

شایانی باسە دوایی ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دوای ۹ جار دانیشتن، بڕیاری لە بارەی سکاڵاکەدا و شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی گۆڕی.

بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە ۱۱۱ کورسییەوە بۆ ۱۰۰ کورسی کەم دەکرێتەوە و کورسی کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان لابران.

ئەو حزبە سیاسیە تورکمانیەکان کە کورسیان لە پەرلەمانی کوردستاندا بووە بریتی بووە لە بەرەی تورکمانی عێراقی و پارتی گەشەپێدانی تورکمان و پارتی چاکسازی تورکمان لیستی میلەتی تورکمان.

News Code 223208

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha