ڕێواز فایه‌ق: دڵخۆشم به ‌بڕیاره‌كانى دادگاى فیدراڵى

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، زۆرینەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم زانیارییان کەم بوو سەبارەت بەکێشەکان، زۆرێکیان هەر سەرقاڵی ئامادەکردنی ڤیدیۆی خۆیان بوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێواز فایەق سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "دڵخۆشم بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەڵام، هەندێک هەنگاوی تەکنیکی هەن کە پێویستە جێبەجێبکر‌ێن، ئەوکات تێدەگەین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبەرژه‌وەندی مووچەخۆرانە یاخود نا".

ناوبراو ئه‌وه‌شى وت: "ئەگەر ئاستەنگێک هەبێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان پێویستە بەزوترینکات چارەسەربکرێت، چونکە هەردوو حکومەتی هەرێم‌و ناوەند پابەندکراون بەجێبەجێکردنی بڕیارەکە".

ڕێواز فایه‌ق لەبارەی کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکانیش دەڵێت: "پێکهاتەکان بون بەبەشێک لەململانێ سیاسییەکانی هەرێم، لەبەریەککەوتنی هێزە سیاسییەکان نەیانتوانی بێلایەنیی خۆیان بپارێزن، هەمیشە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاشکرا دەیوت: بەپێکهاتەکانەوە زۆرینەی پەرلەمانمان هەیە".

ناوبراو وتیشى: "بەهەموو پێکهاتەکان لەخولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان 23 هەزار دەنگیان هێناوە، سەیرم لێدێت کە دەڵێن 400 هەزار تورکمان لەهەرێمى کوردستان هەیە".

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "نەخشەی سیاسی ناو هۆڵی پەرلەمان هەمیشە هۆکاربوو بۆ پاراستنی حکومەت لەوکاتانەی داوادەکرا لێپرسینەوە لەحکومەت بکرێت".

ڕێواز فایەق سه‌باره‌ت به‌ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسەر ئەوە ماوەتەوە کە کەرەستەکانی هەڵبژاردن ئامادەن یاخود نا، لەسەر خواستی هیچ لایەنێکی سیاسی نەوەستاوە، ئێستا دۆخەکە گونجاوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، پێشبینیده‌كه‌م لەمانگی حوزەیران هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".

ناوبراو له‌باره‌ى ئەدای خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، جه‌ختیكرده‌وه‌، "زۆرینەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم زانیارییان کەم بوو سەبارەت بەکێشەکان، زۆرێکیان هەر سەرقاڵی ئامادەکردنی ڤیدیۆی خۆیانبون بۆ ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکەنەوە".

News Code 223112

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha