بە تۆمەتى ئاژاوەگێڕی، ژمارەیەک پۆلیسی عێراق دەدرێنە دادگا

وەزارەتى ناوخۆى عێراق لیژنەى لێکۆڵێنەوە لەسەر ژمارەیەک پۆلیسی فیدراڵى لە ئەنبار پێکدەھێنێت و دەیانداتە دادگە بە تۆمەتى ئەوەى کارى "ئاژاوەگێڕی و تێکدەرانە"یان کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەو بڕیارەی وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بوو کە ئەمڕۆ هەینى 13ى کانوونى یەکەمى 2024 بڵاویکردەوە، دواى ئەوە بوو دیمەنى پێکدادانى ناو یەکەیەکى پۆلیس لە ئەنبار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە.

بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر شمەرى، فەرمانیداوە بەوەى رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو پۆلیسانە بیگرێتەبەر و لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکبهێندرێت.

ڕووداوەکە لە قەزاى گەرمە لە ئەنبار ڕوویداوە و ئەو هێزەش کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت سەر بە فەوجى شەشى لیواى ئەرکى تایبەتى پۆلیسی فیدراڵین.

وەزارەتى ناوخۆ دەڵێت، "ئەو کارمەندانە ئاژاوە و کارى تێکدەرانەیان کردووە، بڕیاردرا ببرێنە دادگاى تایبەت تاوەکو سزا وەربگرن لە بەرامبەر پێشێلکردنى رێکارە کارپێکراوەکان".

وەزیرى ناوخۆى عێراق فەرمانى بە فەرماندەى پۆلیسی فیدراڵى داوە سەردانى شوێنى رووداوەکە بکات بۆ زانینی وردەکاریى رووداوەکە و دەشڵێت، وەزارەتى ناوخۆ هەموو هەڵسوکەوتێکى کەسیی کارمەندانى رەتدەکاتەوە و رێگەش نادات بە رەتکردنەوەى هەر بڕیارێک کە لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئەو وەزارەتە دەریکردبن.

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

News Code 224534

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha