بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەروەر عەبدولرەحمان سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە لێدوانێکدا بە خەندان-ی ڕاگەیاندووە: پرسی بوونی پێکهاتە جیاوازەکان سیمایەکی جوانی بە هەرێمی کوردستان بەخشیبوو، لە وڵاتانی دیکەی جیهانیشدا پێکهاتەکان کە ناتوانن دەنگی گشتی بەدەستبهێنن نوێنەریان لە پەرلەمانەکان بۆ دابین دەکرا، بەڵام گرفتەکەی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بوو ئەو پێکهاتانە لەلاین فراکسیۆنەکانی دیکەوە بەکاردەهێنران و بەشێک لە نوێنەری پێکهاتەکان نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەکانیان نەبوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت ئەو ڕاستییە بزانرێت کە هیچ کاتێک پێکهاتەکان ئەو سەنگ و قورساییە زۆرەیان نەبووە لە یەکلایی کردنەوەی ئەو بڕیارە چارەنووسازانەی لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووە یاخود ئاڕاستەکەیان گۆریبێت، واتە نەیانتوانیوە یاسایەک لە پەرلەمان بڕوێنن یاخود رێگری لە ڕواندنی بکەن و سەرجەم بڕیارەکان لەلایەن دوو هێزی زۆرینەی یەکێتی و گۆڕان و پارتییەوە یەکلایی کراوەتەوە.
سەروەر عەبدولرەحمان ئەوەشی خستەڕوو، ڕاستە بەشێکی سکاڵای یاسای هەڵبژاردنی هەرێم بۆ گەڕاندنەوەی نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەکان، بەڵام هەمان ئەو سکاڵایە پاساوێک بووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، وەک چۆن چەند جارێک وادەی بەرێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکرا بەڵام بەهۆی سکاڵاکەوە دواخرا.
وتیشی، "بە ڕای من بونی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نادەستووریی نییە، چوونکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهاتەکان بوونیان هەیە و بە کۆتاش دەبنە نوێنەر."
سەرۆکی ئینستتیوتی پەی باسی لەوەشکرد، ئەو کاتەی بۆ یەکەمجار کورسی بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا ساڵی ۱۹۹۲ بو، واتە ۱۳ ساڵ بەر لە پەسەندکردنی دەستوری عێراق بوە، ئەمەش پرسیارێکە بۆچی لە ئەنجومەنی نوێنەران نادەستووری نییە بەڵام لە پەرلەمانی کوردستان نادەستورییە.
لە بارەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ دوانەخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەروەر عەبدولرەحمان باسی لەوەکرد، مافی هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستانە هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەکانیان بۆ دابین بکرێت و بژێوژی ژیانیان لە ئاستێکی باشدا بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک دەبینرێت هەموو مانگێک لە وادەی خۆیدا فەرمانبەرانی عێراق مووچەی خۆیان وەردەگرن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان وا بەرەو مانگی ئازار دەڕوا هێشتا هەواڵی مووچەی مانگی (شوبات/۲) نییە، بۆیە فەرمانبەرانی هەرێم مافی خۆیانە داوای شایستەکانیان بکەن جا لە دادگای فیدڕاڵی بێت یان لە هەر دامەزراوەیەکی دیکە بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی لاوازکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت ئەوەش بزانرێت کە هۆکارە بۆ گەیشتن بە لاوازبونی دامەزراوەکانی هەرێم کە بریتین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییە باڵادەستەکانە.
Your Comment