ناکرێت هەموو جارێک دادگای فیدڕاڵی بڕیاردان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دوابخات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنی داهاتووی دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیار لەبارەی پرسی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتیی ڕایگەیاندووە: "ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ جارێکی دیکە دانیشتنی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دواخرا و کارەکان هەمووی تەواوکراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنی داهاتوو بڕیار بدرێت".

ڕوونیشیکردەوە "ناکرێت هەموو جارێک دادگای فیدڕاڵی بڕیاردان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دوابخات، بەڵکوو هیوادارن بڕیارێکی گونجاو بدات و مەرسومێکی سەرۆکایەتی هەرێم دەربکرێت بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان".

وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵی بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت لە پارێزگاری خاکی عێراق، هەروەها هەرێمی کوردستان مەترسیی نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ وە ناشیبێت".

شایانی باسە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵی عێراق جارێکی دیکە بڕیاردانی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ دواخست.

News Code 223066

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha