هه‌ڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان له‌ ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی پڕ بایه‌خە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لاهوور شێخ جه‌نگی له‌ په‌یامێكدا داوا ده‌كات، هاوڵاتیان خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌ بكه‌ن و دەڵێت ئەم هەڵبژاردنە له‌ ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی پڕ بایه‌خە.

بەپێی هەواڵی  کوردپرێس، لاهوور شێخ جه‌نگی له‌ په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، وه‌ک هه‌مووتان ئاگادارن هه‌رێمی كوردستان به‌ دۆخێكی ناهه‌مواری سیاسی و ئیداری هه‌ستیار و پڕ له‌ كێشه‌ و قه‌یران دا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ژیان و گوزه‌رانی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌وپه‌ڕی خراپیدایه‌، بێبازاڕی و خراپیی دۆخی كاسبكاران و ئیفلیجبونی زۆرینه‌ی كایه‌كان و بێهیوابوونی گه‌نجه‌كانمان لێمان ده‌خوازێت، كه‌ به‌ هه‌مومان ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ تێپه‌ڕێنین، پێكه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌كی نوێ ده‌ستپێبكه‌ین كه‌ رێگا له‌ نغرۆبونی زیاتر بگرێت و جۆرێک له‌ هه‌ستانه‌وه‌ و سه‌رپێخستنه‌وه‌ی ژیانێكی شایسته‌ بۆ خه‌ڵک جێگیر بكه‌ین، ئه‌وه‌ش له‌ ئێستادا ته‌نیا و ته‌نیا به‌ به‌شداریكردنی فراوانی ئێوه‌ی ده‌نگده‌ران ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوی په‌رله‌مانی كوردستاندا".
ڕاشیگه‌یاندووه‌، "به‌م په‌یامه‌ ده‌مه‌وێت داواتان لێبكه‌م كه‌ گرنگه‌ له‌ ئێستاوه‌ به‌ هیوا و ئومێدێكی زۆره‌وه‌ خۆتان ساز و ئاماده‌ بكه‌ن بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن، ئه‌و گه‌نجانه‌ی یه‌كه‌مجاریانه‌ به‌شداری ده‌كه‌ن سه‌ردانی بنكه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و خۆیان تۆمار بكه‌ن، زۆر گرنگه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بڕوانن، كه‌ چه‌ند جارێكه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست و له‌ ترسی گۆڕانكاری دواده‌خرێ، به‌ڵام له‌وه‌ دڵنیابن كه‌ هه‌ر ده‌بێ بكرێ، له‌ ئێستاشدا به‌و به‌دواداچون و زانیارییانه‌ی لای من هه‌ن، تاكه‌ ڕێگای گۆڕانكاری سندوقه‌كانی هه‌ڵبژاردنن و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی مه‌به‌ستییه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و حوكمڕانییه‌كی باش بڕوات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "ڕووداوه‌كانی دوو ساڵی ڕابردوو زۆر هاوكیشه‌یان له‌ ناوخۆی هه‌رێم و واقیعی سیاسیی عێراق و ناوچه‌كه‌ گۆڕیوه‌ كه‌ وا ده‌كات دۆخی سیاسیی ئێستا و دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ ته‌واوی جیاواز بێت، ئه‌و جیاوازییه‌ش ده‌سه‌ڵاتداران پێش خه‌ڵک هه‌ستیان پێكردوه‌، بۆیه‌ هه‌ڵبژاردن دواده‌خه‌ن. له‌وه‌ش دڵنیابن ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی داهاتووی كوردستان له‌ ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی پڕ بایه‌خ نه‌بوایه‌ فشاریان نه‌ده‌كرد بۆ ئه‌نجامدانی،".

ده‌شڵێت، "به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌شدا ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كاریگه‌ر نه‌بوایه‌ ئه‌و حیزبانه‌ی ئێستا به‌ ئه‌مری واقیع ده‌سه‌ڵاتدارن هێنده‌ خۆیان له‌ ئه‌نجامدانی نه‌ده‌دزییه‌وه‌ و هه‌رجاره‌ و به‌ بیانویه‌ك دوایان نه‌ده‌خست، هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ داواكارم سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به‌زوترینكات كۆببێته‌وه‌ و واده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوی په‌رله‌مانی كوردستان دیاری بكات، داوا له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقیش ده‌كه‌م واده‌ی ده‌ركردن و نوێكردنه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدان درێژ بكاته‌وه‌، تا ده‌رفه‌ت بدرێت به‌و ده‌نگده‌رانه‌ی كه‌ هێشتا ناوی خۆیان تۆمار نه‌كردوه‌ و كارته‌كانیان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌".
 

ئه‌وه‌شی رونكردۆته‌وه‌، "ئێستا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداریی حیزبه‌كانی هه‌رێم هه‌رگیز وه‌ك پێشتر نییه‌، ئه‌جێندا هه‌رێمایه‌تییه‌كان مه‌ترسیدارن، په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، حكومه‌ت كاربه‌ڕێكه‌ره‌، فرۆشتنی نه‌وت به‌ بۆری ڕاگیراوه‌، كێشه‌ داراییه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق ئاڵۆزتربون، مامۆستایان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانن و ناڕه‌زایه‌تییان فراوان و فراوانتر ده‌بێت، خه‌ڵک ته‌واو بێزاره‌، له‌ پاڵ هه‌مو ئه‌وانه‌دا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هێشتا به‌ناوی شه‌رعییه‌تی ده‌نگی خه‌ڵكه‌وه‌ له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم قسه‌ ده‌كات، لێره‌وه‌یه‌ به‌ گرنگی ده‌زانم له‌ رێگای به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ده‌رفه‌تێك هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ شه‌رعییه‌تی ده‌نگی خۆتان بده‌ن به‌و هێزانه‌ی كه‌ پێتان وایه‌ ده‌توانن خزمه‌تتان بكه‌ن و سه‌ره‌تایه‌كی نوێ و جیاواز ده‌هێننه‌ كایه‌وه‌".
 

هه‌ر له‌په‌یامه‌كه‌یدا لاهوور شێخ جه‌نگی باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ یه‌كه‌مجارتانه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، ته‌نیا دو رۆژ ماوه‌، كه‌ سه‌ردانی بنكه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و ناوی خۆتان تۆمار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌ستنه‌ده‌ن، ساڵانێكی زۆره‌ ته‌حه‌مولی حوكمڕانییه‌كی ناته‌ندروست ده‌كه‌ن، هه‌مومان پێكه‌وه‌ ئه‌ركمانه‌ شان بده‌ینه‌به‌ر چاككردنی ئه‌م دۆخه‌ و گێڕانه‌وه‌ی هیوا و هێنانه‌ كایه‌ی سه‌رده‌مێك كه‌ حوكمڕانی له‌بری گرووپ و تاقمێک له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستاندا بێت، ڕاستییه‌كی ته‌واو حاشاهه‌ڵنه‌گریشه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ نه‌ له‌ خراپه‌وه‌ بۆ باش و نه‌ له‌ باشه‌وه‌ بۆ خراپ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی ناگۆڕێ ئه‌گه‌ر خه‌ڵک خۆی به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵنه‌ستێت".

 ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕوو، "ئه‌ركی من و ئێوه‌ی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و گه‌نجان و ژنان و مامۆستایان و ته‌واوی مووچه‌خۆران و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانه‌، كه‌ هه‌وڵبده‌ین سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بۆ خه‌ڵک و خاكی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌ستپێبكه‌ین، ئه‌وه‌ش به‌رپرسیارێتییه‌كی ده‌سته‌جه‌معییه‌ و ده‌بێ هه‌مووان به‌ ئه‌ركی ئینسانی و ئایینی و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی خۆیانی بزانن".

News Code 223065

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha