لەم بارودۆخەدا ئەمریکا لە سووریا ناکشێتەوە

بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە ئەمریکا ڕایگەیاند، لە چەند دیدارێکیاندا لەگەڵ کۆنگرێسمانەکان لە ئەمریکا بۆیان دەرکەوتووە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەم کاتەدا ئەستەمە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سینەم محەمەد نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە ئەمریکا لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەزگای میدیایی شارپرێس ڕایگەیاندووە: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاویان بە ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات کەوتووە و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا لەگەڵ بەرپرسانی دیکەدا درێژە بەو کۆبوونەوانە دەدەن.

هێرشەکانی تورکیا، جموجۆڵەکانی داعش، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوونە ناوەرۆکی گفتوگۆکانی شاندی کوردستانی سوویا لەگەڵ ئەمریکییەکان.

سینەم محەمەد نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات مەسەدە لە ئەمریکا و ئەندامی شاندەکە ڕایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی ناوچەکە، کۆبوونەوەی زۆریان لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات هەبووە.

سەبارەت بەو گفتوگۆیانەی لەو کۆبوونەوانەدا کراون، سینەم محەمەد دەڵێت: "گفتوگۆکانمان لەسەر هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بوو بۆ سەر ژێرخانی ناوچەکە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا کاریگەری نەرێنی گەورەی لەسەر دۆخی کورد، عەرەب و سوورییەکانی دیکە دروستکرد و بەو هۆیەوە دەرگای کۆچکردن دەکرێتەوە و سەقامگیری نامێنێت. هەروەها لەو کۆبوونەوانەدا بە وردی باسمان لە پرسی زیادبوونی چالاکیی شانەکانی داعش کرد لە ناوچەکەدا، کە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە بە گشتی دەکات".

نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا دەشڵێت: "پرسی ئەندامانی داعش لە زیندانەکان و پرسی کەمپی هۆڵ کە وەک بۆمبێک وایە لە هەر خولەکێکدا دەتەقێتەوە، لە کۆبوونەوەکانمان تاوتوێ کرا، بەجۆرێک هێرشەکانی تورکیا دژی ژێرخان و بوونی ئەندامانی داعش لە زیندانەکان و مەسەلەی کەمپی هۆڵ هەموویان بەربەستی گەورەن لەبەردەم ڕۆژاڤای کوردستان، بۆیە پێویستە وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە پلەی یەکەم ئەمریکا پشتیوانی زیاتر لە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر بکەن، بۆ ئەوەی لەبەردەم ئەم بەربەستانەدا بوەستن".

سەبارەت بە پرسیاری "ئایا ئێوە لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا باستان لە پرسی کشانەوەی ئەمریکا کرد کە لەم دواییانەدا وروژێنرا؟" سینەم محەمەد ڕایگەیاند، "ئەندامانی کۆنگرێس وای دەبینن کە ئەستەمە ئەمریکا بکشێتەوە لە ناوچەکە و بە بوونی ئەم ئاستەنگانەی ئێستا هەن، بەتایبەت پرسی دیلەکانی داعش و ئۆردوگای هۆڵ ئەو هەنگاوەی ئەستەم کردووە".

News Code 223031

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha