بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "تورکیا بە نیازە لە بەهاردا ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورە دژ بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام بدەن لە ناوخۆی تورکیا و هەرێمی کوردستان و قەندیل و ناوچەکانی شەنگالی سەر بە مووسڵ، بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت عێراق و هەرێم هاوکاریان بکەن و بەشدار بن لەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامی دەدەن".
ناوبراو وتیشی، "هەموو کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکان ئامانج لێی قەناعەت پێکردنیانە بۆ بەشداری شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی پەکەکە. ئەوان دەیانەوێت سەربازی خۆیان پارێزراوبێت هەوڵ دەدەن پێشمەرگە بەکار بهێنن بۆ ئەو شەڕە، گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەوان بە تەنها ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجامی دەدەن لە ڕووی ئاسمانی و زەمینی تا ئێستا نەیانتوانیوە گەریلا لە ناو ببەن".
جەبار یاوەر ڕاشیگەیاند: "مەترسیەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، چوونکە دەبینین بەردەوام فڕۆکەی جەنگی تورکیا لەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستانە، و بۆردوومانی سنوور و قووڵایی هەرێم دەکات، تەنانەت خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانی، ئەمەش مەترسیە لەسەر خەڵکی هەرێم و سنوورەکانی هەرێم، تا ئێستا ۴۵۰ گوند چۆڵکراون، جگە لەوەش زیاتر لە ۹۰ هاووڵاتی مەدەنی کوژراو و چەندین برینداریش هەیە، بەمەش گوندەکان بەرەو چۆڵ بوون دەچێت و مەترسی و دڵە ڕاوکێش دروست دەکات، ئەگەر بەهار ئۆپەراسیۆن بکەن ئەوە مەترسی گەورەیە لەسەر هەموو هەرێم".
ئەمیندارەکەی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی: "لایەنەکان نابێت ببنە لایەنێکی هاوکار بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنەی لە هەرێم دەکرێت، یان نەبنە بەشێک لە پێدانی زانیاری بە دەزگا هەواڵگریەکانی تورکیا یان نەبنە ئامرازێک بۆ ئەوەی کورد جارێکی تر شەڕی کورد بە کورد دورست ببێت".
Your Comment