پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای تایبەت بە ئەندامێتی سویدی لە ناتۆ پەسەند کرد

بەشی تورکیا- پڕۆژە یاسای تایبەت بە خواستی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ لە لایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا، ئەمەش دوای ٢٠ مانگ لە دانوستانەکانی نێوان ئەنقەرە و ستۆکھۆڵم لەو بارەیەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەرلەمانی تورکیا لە دانیشتنێکی تایبەتدا خوێندنەوەی بۆ یاداشتنامەی پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ کرد و بەپێی ئەنجامی دەنگدانەکە، لە کۆی ۳۴۶ پەرلەمانتاری ئامادەبوو، بە ۲۸۷ دەنگی بەڵێ و ۵۵ دەنگی نەخێر، ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ پەسندکرا.

سوید و فنلاندا لە مانگی (ئایار/۵)ی ۲۰۲۲دا هەوڵی خۆیان دا بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆ، هەردوو وڵاتیش لە مانگی (حوزەیران/۶)ی ۲۰۲۲ لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی هاوپەیمانی مەدرید بە فەرمی بانگهێشتی ناتۆ کرابوون، خواستەکانی هەردوو وڵات بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک هەنگاوێک بۆ زیادکردنی ئاسایش لە کاردانەوە بە لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سەیر دەکرا.

دوای هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر تورکیا، فینلاند لە مانگی (نیسان/۴)دا بوو بە ئەندامی هاوپەیمانییەکە، هەرچەندە ستۆکهۆڵم یاساکانی "دژە تیرۆر" و دەستوری خۆی بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ئەنقەرە گۆڕی، بەڵام زنجیرەیەک خۆپیشاندانی چالاکانی کورد دژی حکومەتی تورکیا پڕۆسەکەی خاو کرده‌وه‌.

دواتر ڕۆژی ۲۸ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لەنێوان هه‌ریه‌ک له‌ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سه‌رۆک‌کۆماری تورکیا؛ ساولی نینیستۆ، سه‌رۆک‌کۆماری فینلاند؛ ماگدالینا ئاندەرسۆن سه‌رۆک‌وه‌زیرانی ئەو کاتی سوید و یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا تورکیا ڕەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا بۆ بە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ، بەڵام بە مەرجی جێبەجێ کردنی ژمارەیەک داواکاری هەبوو لەسەر ئەو وڵاتە.

لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا و تەواوکردنی ڕێوشوێنە فەرمییەکان سوید دەبێتە ۳۲ـەمین وڵات لەنێو هاوپەیمانیی ناتۆ کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات. هەروەها هەنگاریا دەبێتە تاکە وڵاتی ئەندامی ناتۆ کە هێشتا پاڵپشتیی سوێد ناکات بۆ بوونە ئەندام.

News Code 222928

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha