بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و بەزاندنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، هەروەها جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن کرایەوە، بەشێوەیەک هیچ بیانوویەک بۆ بەئامانجگرتنی کەسانی مەدەنی نەمێنێتەوە.
لە ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی ئاماژە بەوەش کراوە، تاڵەبانی رایگەیاندووە، یەکێتی پەرۆشی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ئەو کێشانەیە کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم سەقامگیریی ناوچەکەدا، هەموو هەوڵێکیشیان لەپێناو یەکڕیزی و یەکدەنگیدایە تاوەکوو بتوانین پێکەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە و گەل و وڵاتمان بپارێزین.
ئەوەشی خستەڕوو، هیوادارن بەزووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەربکرێت و ببێتە مایەی کاراکردنی دەسەڵاتی یاسادانان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک.
Your Comment