١٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٤ - ١٣:٤٦
یەکێتی: هێرشی سەر هەولێر ناڕەوایە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، هێرشی سەر هەولێر ناڕەوایە و سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیە:

ھێرش بۆ سەر  ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان ناڕەوایەو سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل دەکەین. پەلاماردانی شوێنی ئاوەدانی ھەڕەشەی جیدین بۆ سەر سەروەری عێراق و  ژیانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کە ھەرێمێکی دانپیانراوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا.

ئێمە وەکوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە ھەر کێشەیەکی سیاسی- ئەمنی ھەستیار لە نێوان وڵاتە دراوسێکاندا بەم شێوەیە تاکلایەنە و لە دەرەوەی تێگەیشتنی سیاسیی و ئەمنی ھاوبەش، چارەسەر نابن و تەنھا ئاڵۆزی و ژینگەی پەیوەندییە ئیقلیمییەکان تێکدەدەن کە سەرەنجام گەلانی عێراق نرخەکەی دەدەن.

لێرەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەھیدان بەتایبەتی خانەوادەی شەھید پێشڕەو دزەیی دەکەین وھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

ئەرکی سەرشانی حکومەتی فیدرالییە کە پێکھاتەیەکی ئیئتلافییە و پشتیوانی ھەموو ھێزە سیاسییەکانی ھەیە، ھەوڵەکانی  چڕتر بکاتەوە بۆ داکۆکی لەسەر سەروەری وڵات و ئاسایشی ھاوڵاتیان و   بەکردەوە یەکێتیی ریزەکانی گەلی عێراق دووپات بکاتەوە و ھەیبەتی نێودەوڵەتی  وڵاتەکە بپارێزێت .

پێویستە دامەزراوە فەرمییەکانی ھەرێم و پارتە سیاسیەکانیش بەھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق رۆڵی زیاتر بگێڕن لە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و پاراستنی ھاووڵاتییان و بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان.

ڕۆحی شەھیدان شاد بێت

ئارامی و سەربەرزی بۆ خەڵک و خاکی ھەولێری پایتەختی کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

News Code 222883

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha