بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، ۱۶ـی کانوونی دووەمی ۲۰۲۴، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "جارێکی دیکە هەولێری سەربەرز کرایەوە ئامانجی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران. بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بێ پاساوە، شەهید و برینداری سڤیل هەیە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بە توندی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان شەرمەزار دەکەم. داواش لە حکومەتی فیدراڵی دەکەم هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکاریەی دەکرێتە سەر سەروەریی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان".
لە پەیامەکەیدا، مەسروور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم لەسەر ئەو ستەمکاریەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت بێنە دەنگ. لە رۆژانی داهاتوودا، لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لە پێناو کۆتایی هێنان بەم هێرشە دڕندانانەی دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان".
Your Comment