وه‌زیری دارایی ده‌سه‌ڵاتی ته‌مویل‌کردن له‌ سلێمانییه‌وه‌ ده‌باته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێمی کوردستان ته‌مویل‌کردنی بانکه‌ بازرگانییه‌کانی سنووری پارێزگای سلێمانی له‌رێگه‌ی لقی سلێمانی بانکی ناوه‌ندیی هه‌رێمه‌وه‌ ڕاده‌گرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی نووسراوێک ڕۆژی ۷ی ئه‌م مانگه‌ مه‌ولوود سابر عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانکه‌ بازرگانییه‌کانی هه‌رێم ئاڕاسته‌ی بانکه‌ بازرگانییه‌کانی سنووری پارێزگای سلێمانی کردووه‌ و ته‌مویل‌کردنی سه‌رجه‌م بانکه‌کان ڕاسته‌وخۆ له‌ ئه‌ژمێری سه‌ره‌کی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ده‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بانکه‌ بازرگانییه‌کان له‌ هه‌ولێر و هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ک ته‌مویلی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی بانکی ناوه‌ندی هه‌رێم له‌ سلێمانی ناکرێت  و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری بانک به‌رپرسیار ده‌بێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری بانکه‌ بازرگانییه‌کان ئه‌م نوسراوه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای نوسراوێک کردووه‌ که‌ رۆژی ۱۷ی کانونی یه‌که‌می ۲۰۲۳ نوسینگه‌ی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی ئاڕاسته‌ی کردووه‌و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات"  پاڵپشت به‌ یاسای وه‌زاره‌ت و مامه‌ڵه‌کردنی راسته‌وخۆی بانکه‌کان له‌رێگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی بانکه‌ بازرگانییه‌کان، ته‌مویلکردنی بانکه‌ بازرگانییه‌کان راسته‌وخۆ له‌رێگه‌ی ئه‌ژماری وه‌زاره‌تمانه‌وه‌ ده‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بانکه‌ بازرگانییه‌کان، هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ک ته‌مویلی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بانکی هه‌رێم له‌ سلێمانی ناکرێت".

له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر ۳۶ بانکی بازرگانی هه‌ن که‌ ته‌مویلی خۆیان له‌ لقی سلێمانی بانکی هه‌رێم وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ ئیتر بۆ وه‌رگرتنی ته‌مویلی خۆیان ده‌بێت بچن بۆ هه‌ولێر.

کۆی خه‌رجی سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌کانی راپه‌ڕین و گه‌رمیان مانگانه‌ بڕی (۴۱۶ ملیار) دیناره‌، له‌مه‌ بڕی (۳۷۰ ملیار) دیناری به‌ته‌نیا بۆ خه‌رجی موچه‌یه‌ که‌ بانکه‌ بازرگانییه‌کان دوای ته‌مویلکردنیان بۆ موچه‌خۆرانی خه‌رج ده‌که‌ن.

له‌دوای ده‌ستبه‌کاربوونی کابینه‌ی نۆیه‌می حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌، چه‌ند جارێک وه‌زیری دارایی چوته‌ ناو کێشمه‌کێش له‌گه‌ڵ لقی سلێمانی بانکی هه‌رێم، به‌تایبه‌تیش له‌کاتی دروستتبوونی قه‌یرانی نه‌ختینه‌ی دارایی که‌ گرفتی بۆ موچه‌ی موچه‌خۆران دروستکرد، به‌هۆی ئه‌و کێشانه‌وه‌ دواجار گۆڕانکاری له‌ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری بانکه‌که‌دا کرا.

News Code 222864

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha