حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت پەنا بۆ دادوەر ستیڤن دەبات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوکات  له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق سه‌باره‌ت به‌ یاسای نه‌وت و غاز، حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان بۆچوونی دادوه‌رێکی به‌ناوبانگ بڵاو ده‌کاته‌وه‌ که‌ پشتیوانی ئه‌وه‌ ده‌کات حکوومەتی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر که‌رتی نه‌وت و غازی خۆیدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سایتی فه‌رمیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان شیکارییه‌کی بڵاو کردوه‌ته‌وه‌ که‌ دادوه‌ر (ستیڤن ئێم شوێبڵ) کردوویه‌تی و تێیدا پشتگیری ئه‌وه‌ ده‌کات به‌پێی ده‌ستووری ساڵی ۲۰۰۵ی عێراق، حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان مافی هه‌یه‌ به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و به‌ڕێوه‌بردنی که‌رتی نه‌وت و غازدا.

ئه‌م دادوه‌ره‌ لێکدانه‌وه‌ی بۆ مادده‌کانی (۱۱۰-۱۱۴-۱۱۵-۱۲۱)ی ده‌ستووری عێراق کردووه‌و وای ده‌بینێت که‌ ئه‌م ماددانه‌ ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تی به‌ حکوومەتی فیدراڵی نادات له‌ که‌رتی نه‌وت و غازدا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌رێمه‌کان ده‌دات.

بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م شیکارییه‌ له‌کاتێکدایه‌ له‌ شوباتی ۲۰۲۳وه‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق چوونه‌ته‌ ناو دانوستانێکی نوێوه‌ بۆ ئاماده‌کردنی ره‌شنوسی یاسای نه‌وت و غاز، یاسایه‌ک که‌ ده‌بوو دوای په‌سه‌ندکردنی ده‌ستوری عێراق ده‌ربکرایه‌و به‌هۆی ناکۆکی نێوان هه‌ولێرو به‌غداده‌وه‌ تائێستا ده‌رنه‌چووه‌.

ساڵی رابردوو (دره‌و) هه‌ندێک له‌ ورده‌کارییه‌کانی دانوستانی نێوان حکوومەتی هه‌رێم و حکوومەتی فیدراڵی له‌باره‌ی ئاماده‌کردنی ره‌شنوسی یاسای نه‌وت و غاز بڵاوکرده‌وه‌، به‌پێی دانوستانه‌کان، حکوومەتی فیدراڵ زۆرینه‌ی داواکارییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی له‌ ڕه‌شنووسی یاساکه‌دا ره‌تکردبووه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازو ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و غاز و دژایه‌تیکردنی ئه‌وه‌ی حکوومەتی هه‌رێم بۆری تایبه‌ت به‌هۆی هه‌بێت و ئیداره‌دانی کێڵگه‌کانی نه‌وتیش لای وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ ده‌بێت.

سه‌رباری کێشه‌ی دارایی و پرسی هه‌مواری یاسای بوودجه‌، بابه‌تی ده‌رکردنی یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵ یه‌کێک له‌ ئاڵنگارییه‌کانی ساڵی نوێی ۲۰۲۴ه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد.

محه‌مه‌د شیاع سوودانی کاتێک له‌ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ده‌ستبه‌کاربوو، به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دا له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگ دوای ده‌ستبه‌کاربوونی حکوومەته‌که‌ی پرۆژه‌یاسای نه‌وت و غاز ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بکات، به‌ڵام ئه‌م به‌ڵینه‌ی نه‌برده‌سه‌رو ناکۆکی نێوان هه‌ولێر و به‌غدادیش له‌سه‌ر پرۆژه‌که‌ یه‌کێک له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کان بوو.

سوودانی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ باوه‌ڕی وابوو تاکه‌ چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌ی نه‌وت و بودجه‌ له‌نێوان هه‌رێم و حکوومەتی فیدراڵی ده‌رکردنی یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵه‌، ئه‌و به‌ر له‌ ده‌ستبه‌کاربوونی له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کدا به‌ نوێنه‌رانی کوردی وتبوو ناتوانێت بڕیاره‌کانی ۱۵ی شوبای ۲۰۰۲ی دادگای فیدراڵی دژی که‌رتی نه‌وت و غازی هه‌رێمی کوردستان رابگرێت، باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ یاسای نه‌وت و غاز ده‌ربکرێت و له‌وێدا ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو حکوومەته‌که‌ به‌سه‌ر سامانه‌ سروشتییه‌کاندا به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌، دیاری بکرێت.

ناوه‌ڕاستی شوباتی ۲۰۲۲، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر سکاڵایه‌کی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی کوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و هه‌رێمی پابه‌ندکرد به‌وه‌ی نه‌وت و غازه‌که‌ی ڕاده‌ستی به‌غداد بکات.

له‌ ۲۵ی ئازاری ۲۰۲۳دا تورکیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان راگرت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تیی پاریس و سکاڵایه‌ک که‌ عێراق دژی به‌کارهێنانی بۆرییه‌کانی نه‌وت بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر تورکیای تۆمارکردبوو.

News Code 222848

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha