کاردانەوەی توندی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بۆ قسەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان-  ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی شێخ جەعفەر مستەفا دەداتەوە و داوای لێ دەكات بە خەڵكی كوردستان بڵێت چ دەستكەوتێكی هەبووە لەو ساڵانەی كە وەزیری پێشمەرگە بوویت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڵند ئیسماعیل بە باسنیووز-ی ڕاگەیاندووە: ئەو سەردەمەی شێخ جەعفەر وەزیری پێشمەرگە بوو، با پێمان بڵێت، دەستکەوتی چی بوو؟ چەند چاکسازیی کرد؟ چەند گەندەڵیی ئاشکرا کرد؟ چەند رێگریی لە گەندەڵی کرد؟ تا چەند هاوکار بوو بۆ تێکەڵکردنەوەی لەشکری کوردستان؟ خۆ دەسەڵاتی هەبوو دەیتوانی زۆر شت بکات.

هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، کابینەی نۆ كە ئێستا بەردەوام دەستكەوتە گرنگەكانی دەبینین، گەرچی لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا پێکهێنرا و دەستبەکار بوو، بەڵام سەڕای هەموو قەیران و ئاستەنگەكان توانیی چاکسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە بکات، دەستکەوتی زۆری لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی كەرتەكانی ئابووری و پتەوكردنی ژێرخان و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا هەبووە، هەرچەندە یەكێتی كە لە کابینەکەدا بەشداری سەرەكییش بوو بەردەوام هەوڵیان دا گرفتی بۆ دروست کەن، بەڵام كابینەكە زۆر سەركەوتووە تا ئێستاش.

ئەوەشی خستە ڕوو: زۆر شەرمە جێگری سەرۆکی هەرێم بیت و لە سلێمانی دەستت لەو هەموو گەندەڵییەدا هەبێت و ئاوهاش باسی وەزارەتی پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەیت.

لەبارەی قسەکانی شێخ جەعفەر کە دەڵێ گوایە بەرنامە هەیە یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەربکەن، بڵند ئیسماعیل دەڵێت: بە پێچەوانەوە ئەوان فشاری زۆریان خستە سەر وەزیرەکەیان، لە کاتێکدا وەزیرەکەیان دڵسۆزە و هاوکار بووە لەگەڵ سەرۆکایەتیی حکوومەت، بەڵام نەیاندەهێشت کار بکات.

لەبارەی مەرامی پشت قسەكانی شێخ جەعفەر، بەتایبەتییش كە ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە گوایە هەوڵی تێكەڵكردنەوەی یەكەی حەفتا و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەیە، بڵند ئیسماعیل گوتی: هیچ شتێک بەدوور مەزانن کە یەکێتی بیکات، کاتێک دەڵێن وەزارەتی پێشمەرگە شکستی خواردووە، کەواتە نیشانەی ئەوەیە دەیانەوێ شتی تر لە پەراوێزدا بکەن. ئەو گەندەڵییەی لەناو یەکەی حەفتا هەیە، باوەڕ بکەن بە هەزاران کەس ناویان نووسراوە و مووچەکان خۆیان وەریدەگرن، بۆیەش نایانەوێ هێزەکان یەک بخرێتەوە. پارتی چەند هەوڵی دا یەکەی حەفتا و هەشتا یەک بخرێتەوە، ئەوان نەیانهێشت و بەربەستیان دروست کرد، چونکە پارەیەکی ئێکجار زۆر بەناوی پێشمەرگە و ئالیات و چەک وەردەگیرێ، هەمووی بۆ بەرپرسەکانی یەکێتی دەڕوا.

News Code 222838

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha