چاره‌نووسی خاوەن نانەواخانەکەی هەولێر بۆ ڕای گشتی ده‌خه‌ینه‌ڕوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و مافی مرۆڤی ڕاسپاردووە سه‌ردانی ئاسایش بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی گه‌نجه‌ ده‌ستگیرکراوه‌که‌ ئاشکرا بکه‌ن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بە وێستگەنیوزی راگەیاند: "بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و مافی مرۆڤمان راسپاردووە بۆ ئه‌وه‌ی سەردانی ئاسایش بکەن و لە نزیکەوە ئەو گەنجە ببینن و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بزانن".

وتیشی: "بەم نزیکانە رایدەگەیەنین ئەم خاوەن نانەواخانەیە لەکوێ دەستبەسەرکراوە و لە دۆخی تەندرووستی دەکۆڵینەوە و بۆ رای گشتی دەیخەینەڕوو".

ئەمڕۆ سێشەممە ۹ی کانوونی دووەمی ۲۰۲۴، ئاسۆ هاشم، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی ئیدریس مەسعوود نانەوا لە هەولێر به‌ وێستگه‌نیوزی ڕاگەیاند: "تیمی پارێزەرانمان دروستکردووە کە ۲۴ پارێزەرین، لەسەر دەستگیرکردنی ئیدریس مەسعوود، کە بەهۆی دەربڕینی بیروڕاکانی دەستگیر کراوە".

ئاسۆ هاشم وتیشی: "ئەمڕۆ تیمەکە لە دادگا ئامادەبووین بۆ ئەوەی بەشێوەی یاسایی دەست بەکاربکەین و لەلای دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش وەکالەتیان کردووە بۆ ئەوەی پەنجە مۆری وەربگرن، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی هەمانە تا ئیستا لە دادگا پەراوی لێکۆڵینەوەی بۆ نەکراوەتەوە".

باسی له‌وه‌ش کرد: "بەبڕیاری دادوەر دەستگیر نەکراوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە چوونەتە سەر ماڵەکەی و دەستگیریان کردووە، هۆکارەکەشی بەهۆی دەربڕینی بیروڕاکانی بووە لەبەردەم پارێزگاریی هەولێر".

ئه‌وه‌شی وت: "هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌و کاسبکاره‌ ئازاد بکه‌ین و بیگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ ناو ماڵ و منداڵی خۆی".

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێر به‌شێک له‌ نانه‌واخانه‌کان گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی دژی بڕیارێکی حکوومه‌تی هه‌رێم که‌ ده‌بێت ۱۰ نان بکه‌ن به‌ هه‌زار دینار، یه‌کێک له‌ خاوه‌ن نانه‌واکان به‌ناوی ئیدریسی نانه‌وا ڕایگه‌یاند، چاکسازی لە لوتکەی دەستەڵاتەوە دەکرێت نەک لە نانەواکانەوە.

News Code 222837

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha