لە کەرکووک بەبێ دانوستاندن لەگەڵ پارتی هیچ هەنگاوێک نانێین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، پێشوەختە لەگەڵ پارتی و لایەنە کوردستانییەکان کۆ دەبنەوە.

ڕزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە پارێزگای کەرکووک بە ڕووداوی رایگەیاند، "پێویستە بەر لە دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ هەر پێکهاتە و لایەنێکی دیکە، پێشوەختە لەگەڵ پارتی پێکەوە کۆ ببینەوە و ئاڵوگۆڕی پلان و بەرنامەکانمان بکەین."

ڕزگار حاجی حەمە گوتی، بەرپرسیارێتیی کەرکووک و سنووری سەرجەم ناوچە کێشەلەسەرەکان لەئەستۆی هەموو هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانە، "بۆیە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا سەردانی هەموو لایانە سیاسییەکان دەکەین، کە بێگومان یەکەم لایەن پارتی دەبێت".

ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئێوارەی رۆژی ۲۸-۱۲-۲۰۲۳ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بڵاوکردەوە، کە ۱۸-۱۲-۲۰۲۳ لە پارێزگاکانی عێراق و کەرکووک بەڕێوەچوو.

بەپێی ئەنجامەکە، لە کۆی ۱۶ کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکێتی پێنج کورسی و پارتی دوو کورسی بەدەستهێنا. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە، پێویستە نەک تەنیا لەگەڵ پارتی بەڵکو لەگەڵ هەموو ئەو هێز و لایەنە کوردستانییانەی کە کورسیشیان بەدەستنەهێناوە راوێژ و دانوستاندن بکەن، بۆ ئەوەی یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کورد بپارێزرێت.

بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە کەرکووک پارتی و یەکێتی لە ئەگەری هاوپەیمانێتیشدا پێویستییان بە دوو کورسیی دیکە هەیە بۆ ئەوەی لانیکەم ۵۰+۱ی کورسییەکانیان بەدەستەوە بێت. ڕزگار حاجی حەمە ئاماژەی بەوەدا، پێشوەختە پلان و بەرنامەی کاریی خۆیان لەگەڵ پارتی رێکدەخەن، بۆئەوەی پێکەوە باشتر بتوانن لەگەڵ هێز و پێکهاتەکانی دیکەی براوەی کورسی دانوستاندن بکەن، گوتیشی، "پێکهاتەی کلدان و سریانی لە پرۆسەی دانسوتاندنەکەدا هاوکارمان دەبن، ئێمە [پارتی و یەکێتی] ئەگەر پێکەوە بین بەسەر هەموو کێشەکاندا زاڵ دەبین".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک هیچ نزیکبوونەوە و دانوستاندنێک لەگەڵ هیچ پێکهاتە و لایەنێکی سیاسی نەکراوە و جەختیشی لەوە کردەوە، 'ئێمە تاوەکو ئەو کاتەی لەگەڵ پارتی یەکڕیزی، هاودەنگی و برایەتیی خۆمان دەستپێنەکەین، هیچ نزیکبوونەوەیەک لە هیچ لایەنێکی دیکە ناکەین".

بەرەی تورکمانی لە کۆی ۱۶ کورسیی کەرکووک، دوو کورسیی بردووەتەوە. کورد حەوت کورسی و عەرەب شەش کورسییان بردووەتەوە. ئەوەی دوای هەڵبژاردن لە کەرکووک زیاتر بووەتە جێی سەرنج، دانانی پارێزگاری ئەو شارەیە کە پێشتر کورد بوو، بەڵام لادرا و راکان جبووری (عەرەب) بە وەکالەت لە شوێنی دانرا.

دەنگۆیەک هەیە پێکهاتەی تورکمان و عەرەب لە کەرکووک رێککەوتوون کە پۆستی پارێزگار بۆ ماوەی دووساڵ بە دەست عەرەب و دوو ساڵیش بە دەست تورکمانەوە بێت، ڕزگار حاجی حەمە لەوبارەوە گوتی، لە هەموو پارێزگاکانی عێراق ئەو پێکهاتە یان ئەو هێزەی کە زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە، پارێزگار دیاری دەکات.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەگەری هەر دانوستاندنێکیشدا پۆستی پارێزگار هەر پشکی کوردە و دەشڵێت، "نەک تەنیا پارتی و یەکێتی، بەڵکو کورد لە کەرکووک حەوت کورسی بەدەستهێناوە و هەر پێکهاتەیەکیش کورسییەکانی لە کورد زیاتربوو، ئەوە دەتوانێت پۆستی پاریزگاری کەرکووک وەربگرێت".

ڕزگار حاجی حەمە ئەوەشی خستەڕوو، پارتیش ئامادەی هاودەنگی و هاوکاری لەگەڵ یەکێتی دەبێت و وەکو هێزێکی خاوەن مێژوو، "هیچ کات" لە دەرەوەی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد لەگەڵ پێکهاتەیەکی دیکە رێکناکەوێت و زیان بە بەرژەوەندیی کورد و هەرێمی کوردستان ناگەیێنێت.

بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، تاوەکو ئێستا وەکو لایەنێک کە زۆرترین کورسییان بەدەستهێناوە، هیچ بەربژێرێکیان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەستنیشان نەکردووە.

News Code 222829

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha