بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەستێوەردانی سوپای عێراقی لە گەڕەکە کورد نشینەکانی ناوچە جێناکۆکەکان جێگای نیگەرانییە و ئەو کردەوەیەش لە هەموو ئاکارێکی پێکەوەژیان دوورە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر سوپای عێراقی ڕەخنەیەکی لە کوردەکانی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک هەیە دەتوانێت ئاڕاستەی پۆلیس و دادگای بکات، ئەوەی بەرامبەر خەڵکی ئەو گەڕەکەی شاری کەرکووک کراوە، لە وتاری دەوڵەتی عێراقی لەبارەی پێکەوەژیان جێگای نابێتەوە.
فەهمی بورهان ئەوەشی خستەڕوو، وەکوو حکوومەتی هەرێم بە خەڵکی شارەکە ڕادەگەیەنن پشتیوانی تەواویان لێدەکەن و دۆسیەکە لە دادگا دەجووڵێنن و هەوڵ دەدەن دەستێوەردانی سوپا لەو کاروبارانە دوور بخەنەوە.
فەهمی بورهان باسی لەوەش کرد، هەرچی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت لە ڕووی یاساییەوە ئەنجامدەدرێت بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی کورد لە کەرکووک، لە ماوەی ۱۵ ساڵی ڕابردوو کورد و عەرەبی ناوچە جێناکۆکەکان کێشەیان نەبووە و نایانەوێت نیگەرانی دروست بێت.
Your Comment