بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دامەزراوەی میدیایی درەو ڕاپۆرتێکی لەبارەی دابەشبوونی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا لە دۆخی ۴ بازنەییدا بڵاو کردەوە، کە لە درێژەدا هاتووە:
بازنەی پارێزگای هەولێر ۳۴%ی کورسییە گشتییەکان؛ ۳۴ کورسی و ۴ کورسی کۆتاکانی بۆ تەرخان دەکرێت، كۆی گشتی دەبێتە ۳۸ كورسی.
بازنەی پارێزگای سلێمانی ۳۹%ی کورسییە گشتییەکان؛ ۳۹ کورسی و ۴ کورسی کۆتاکانی بۆ تەرخان دەکرێت، كۆی گشتی دەبێتە ۴۳ كورسی.
بازنەی پارێزگای هەڵەبجە ۲%ی کورسییە گشتییەکان؛ ۲ کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت، كۆی گشتی دەبێتە ۲ كورسی.
بازنەی پارێزگای دهۆک ۲۵%ی کورسییە گشتییەکان؛ ۲۵ کورسی و ۳ کورسی کۆتاکانی بەردەکەوێت، كۆی گشتی دەبێتە ۲۸ كورسی.
بە گوێرەی ئەو وتوێژانەی لە نێوان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و دادگای باڵای فیدراڵیدا هەیە، دادگای فیدراڵی داوای لە كۆمسیۆن كردووە هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، ئەویش بەپێی مادەی ۹ یاسای هەڵبژاردنی هەرێم پێش هەموار، كە داوا دەكات هەرێمی كوردستان بكرێتە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن كە لە چوار ناوچە كەمتر نەبێت.
پێشتر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كورسی گشتی و كۆتاكانی هەرێمی كوردستانی دابەشی سێ بازنەی هەڵبژاردن كردو مانگی رابردوو ئاراستەی دادگای فیدراڵی كردووە، بە لە ئێستادا دادگای فیدراڵی جارێكی تر داوای لە كۆمسیۆن كردووە دابەشكارییەكە لەسەر بنەمای ۴ بازنە بكات، لە سەر ئاستی بازنەکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک، بە پشت بەست بە بنەمای هەمان ئەو داتاو دابەشکارییانەی لە نوسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، کە ژمارە ۲۵۵۱ی رۆژی ۳۰/۱۱/۲۰۲۳ی لەسەرەو تێیدا وەڵامی داوایەکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەداتەوە، تایبەت بە میکانزمی دابەش کردنی کوردسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، تێیدا ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کراوە بە پێوەر، هەر لەسەر ئەو بنەمایەی لە نوسراوەکەی کۆمسیۆندا هاتووە پشک و بەرکەوتەی هەر پارێزگا بازنەیەک لە ۱۰۰ کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەو شێوەیە دەبێت؛
بازنەی یەکەم؛ پارێزگا هەولێر ۳۴%ی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، واتە ۳۴ کورسی گشتی لە لایەل و ۲ کورسی کۆتای تورکمان و ۲ کورسی کۆتای مەسیحی. بەردەکەوێت.
بازنەی دووەم؛ پارێزگا سلێمانی ۳۴% یان ۳۹%ی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمان، واتە ۳۴ یان ۳۹ کورسی گشتی و ۲ کورسی کۆتای تورکمان و ۲ کورسی کۆتای مەسیحی، ژمارەی کورسییە گشتییەکان لەسەر دیاری کردنی پشکی پارێزگای هەڵەبجە ڕادەوەستێت کە هۆکارەکەی ڕوون دەکەینەوە.
بازنەی سێیەم؛ پارێزگا هەڵەبجە، کە دوو سیناریۆ لە ئارادان؛
یەکەم؛ ئەگەر ئەو بنەمایە لەبەرچاو بگیرێت، کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک بازنەیەکی هەڵبژاردن مامەڵەی لەگەڵ کرا، سنوری ئیداری ناوەندی قەزای هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق و شارەزووری دەگرتەوە، ئەوا ۷% و ۷ کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. پشکی بازنەی سلێمانی بێتە ۳۴ کورسی گشتی.
دووەم؛ ئەگەر سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە بکرێتە بنەما کە ناوەندی قەزای هەڵەبجە و ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و بیارە دەگرێتەوە، لەسەر بنەمای ژمارەی دانشتوانی پارێزگاکە، بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی ساڵی ۲۰۲۰ ئەو سنورە جوگرافییە ۵%ی دانیشتوانی سنوری پارێزگای سلێمانی پێکدەهێنێت و لە کۆی ۴۱ کورسی گشتی تەنها ۲ کورسی گشتی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت و پارێزگای سلێمانیش ۳۹ کورسی گشتی بەردەکەوێت.
بازنەی چوارەم؛ پارێزگای دهۆک ۲۵%ی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمان، واتە ۲۵ کورسی گشتی و ۱ کورسی کۆتای تورکمان و ۱ کورسی کۆتای مەسیحی و ۱ کورسی کۆتای ئەرمەنی بەردەکەوێت.
Your Comment