قەبارەی یەکێتی لە کەرکووک زۆر بچووکترە لەو ئەنجامەی لە هەڵبژاردن بۆی دانراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەنگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێگەی گومانە و قەبارەی ڕاستەقینەی ئەو حزبە لە کەرکووک، بچووکترە لەو ئەنجامەی بۆی ڕاگەیاندراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، نووسینێکی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بە ناونیشانی (ئەنجامی هەڵبژاردن و چەند قسەیەک) بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد: "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆتایی هات و هەروەک دەبینین ئەنجامەکەی ڕاگەیاندرا کە لە زۆربەی هەرە زۆری پارێزگاکان، ئەنجامەکە بە دڵی ئەو گرووپ و دەستە و تاقمانە بوو کە لە وڵاتێکی هەرێمییەوە نزیکن".

ڕوونیشی کردەوە: "ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ کورد و چارەنووسی کوردستانیبوونی هەندێک ناوچە لە سنووری پارێزگاکانی (نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەلاحەدین) زۆر جێی بایەخن. بۆیە زۆر گرنگ دەبوو کە کورد لەو ناوچانە سەرکەوتوو بوایە. بەڵام بەداخەوە، سەرکەوتنی کورد لەم هەڵبژاردنەدا بە زیادکردنی گوماناویی دەنگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گۆڕدراوەتەوە، لە کاتێک هیچ گومانێک نییە کە قەبارەی راستەقینەی یەکێتی لە کەرکووک و نەینەوا، زۆر بچووکترە لەو ئەنجام و قەبارەیەی کۆمسیۆن بۆی راگەیاندووە".

مەریوان قەرەنی جەختی کردۆتەوە: "لە کەرکووک لە مێژووی خۆیدا هەمیشە کورد زۆرینەی پارێزگاکە بووە، ئەمجارە کورد کراوەتە نیوە یان کەمتر! کەچی لە بەرامبەردا یەکێتی کە هیچ کاتێک باوەڕ ناکرێت پاش خیانەتی ۱۶ی ئۆکتۆبەر، متمانەی کوردانی ئەو پارێزگایە بەدەست بێنێتەوە، دەنگێکی زۆری بۆ دانراوە کە بە گوتەی کاندیدێکی خودی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەستکاری کردنی دەنگەکان هەبووە".

ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە "لە بەرامبەر ئەمانەدا، بەداخەوە پیلانگێڕی لە دژی لیستی پارتی لەئارادا بووە، فشارێکی زۆر لە سنووری کەرکووک لەسەر پارتی و کادیر و دەنگدەرانی هەبووە، فشارەکە تەنانەت چەندان مانگ پێش هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ڕێکخراو دروست کرابوو. لە مووسڵیش هەندێک لە میلیشیاکان هەوڵی دروستکردنی کێشەیان دا و تەنانەت ڕۆژی هەڵبژاردن بەبێ پاساو چوار کادیری پارتی دیموکراتی کوردستانیان دەستگیر کرد کە دواتر خۆشبەختانە ئازاد کران. ئەمە جگە لەوەی هەندێک لایەن بە ئاشکرا پارەیەکی زۆریان هەڵدەڕشت بۆ کڕینەوەی ویژدانی خەڵک و دوورخستنەوەی خەڵک لە پارتی، بەڵام خۆشبەختانە لەوەدا شکستیان هێنا و تەنیا چەند کەسێکی کەمیان بۆ هەڵخەڵەتێندرا".

لە کۆتاییشدا مەریوان قەرەنی ئاماژەی بەوە داوە: "لەسەر ئەم بابەتە، پارتیمان لە ڕێگەی گوتەبێژی فەرمییەوە هەڵوێستێکی جوانی نیشان داوە کە وێڕای تێبینی و سکاڵاکان، بەڵام پارتی ئاماده‌یە بۆ دیالۆک و ڕاگۆڕینه‌وه‌ بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ته‌ خۆجێییه‌کانی پارێزگاکان، له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راکه‌ت و جێبه‌جێ کردنی ڕێککه‌وتننامه‌ سیاسییه‌کان و ئاسایی‌کردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ پێشتر ڕێککه‌وتنیان له‌باره‌وه‌ کراوه‌ و دابین کردنی ئاسایش و خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتیان به‌بێ جیاوازی".

News Code 222771

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha