بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداو گوتی: ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەو ئەنجامە بوو کە کورد لێی دەترسا، یەکەمجارە کورد بەو شێوەیە کورسی و دەنگی کەم بێت، کورد خۆی کەمتەرخەم بوو."
سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان چەند هۆکارێک لە پشت کەمبوونەوەی دەنگەکانی کورد بوو و گوتی، "یەکێک لەوانە دواخستنی هەڵبژاردن بوو لە کەرکووک هەروەها کورد لە ۲۰۰۳ـەوە تاوەکوو ۲۰۱۷ لە کەرکووک بوو، بەڵام ئەدای کارکردنی باش نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا لەو ماوەیە بەغدا هەڵبژاردنی دوادەخست لە کەرکووک لایەنە کوردییەکانیش دوایاندەخست، بەغدا بۆ ئەوە هەڵبژاردنی دوادەخست دەیویست لە رووی ئەمنی، سەربازی و ئیدارییەوە کەرکووک لە کورد وەربگرێتەوە دواتر هەڵبژاردنی تێدا بکات."
محەممەدی حاجی مەحموود، هەروەها گوتی، "ناکۆکی نێوان لایەنە کوردییەکان و تەعریب کردن دوو هۆکاری دیکەن بۆ کەمبوونەوەی دەنگی کورد لە کەرکووک، بەڵام هۆکاری سەرەکی، کەمتەرخەمی کورد خۆی بوو لێی بەرپرسیارە.
محەممەدی حاجی مەحموود، جەختی کردەوە، "کورد بەبێ بەرنامە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کرد، ئەوەش وایکرد کورسییەکانی کورد لە نەینەوا و کەرکووک کەمبکات، هاوکات هەڵبژاردنی عەرەبێک بە نوێنەری کورد لە خانەقین سووکایەتییە. ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکنەکەون دەبێت چاوەڕێی هیچ نەکەین لە کەرکووک."
لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "کەرکووک ململانێی زۆری تێدایە، لە هەڵبژاردنی ئەمجارە تورکیا براوەی هەڵبژاردنە لە کەرکووک، چونکە لە کەرکووک عەرەبی سوننە و تورکمان دەنگیان هێناوە، ئێران لەو هەڵبژاردنە براوە نەبووە، تورکیا رۆڵی لە دانانی پارێزگاری داهاتووی کەرکووک دەبێت، ئەگەرێک هەیە پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە بەرژەوەندی کورد یەکلاببێتەوە ئەوەش ئەوەیە شیعە یان ئێران لایەنە نزیکەکانی تورکیا(عەرەبی سوننە و تورکمان)ـیان قبوڵ نەبێت و پشتیگری کورد بکەن.
بە گوێرەی ئەو ئەنجامەی رۆژی سێشەممە، ۱۹-۱۲-۲۰۲۳، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک ۲۱۷ هەزار و ۸۱۵ دەنگیان بەدەستهێناوە و دەنگەکانیان بەم جۆرەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ۱۳۹ هەزار و ۳۷۳ دەنگ؛ پارتی دیموکراتی کوردستان ۴۶ هەزار و ۷۴۹ دەنگ؛ جووڵانەوەی نەوەی نوێ ۲۴ هەزار و ۶۲۰ دەنگ؛ هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک کە یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکیانهێنابوو ۶۶۵۵ دەنگ و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ۳۷۷ دەنگ.
سەبارەت بە کەم کردنی دەنگەکانیان گوتی: "پێشتر لە خانەقین زیاتر لە هەزار دەنگمان هەبووە و لە کەرکووک ۷ هەزار دەنگمان هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنە دەنگەکانمان کەمی کرد، بۆ کەم کردنی دەنگەکانمان کەس بە هۆکار نازانین و خۆمان بە هۆکار دەزانین، بەڵام ئەمە بە تەنیا دەنگی ئێمە کەمی نەکردووە، بەڵکوو دەنگی کورد کەمی کردووە".
Your Comment