بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرای تایبەت بە پەیوەندییەکانی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەروەها لە ئاستی ناوخۆییشدا پەیڕەو دەکات".
ئاماژەی بە ئەوەش دا كە ئێستا زیاتر لە ۳۳ وڵاتی سەرانسەری جیهان کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی فەرمییان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە ئەمە جگە لەو نووسینگانەی تایبەتن بە پێدانی ڤیزە و پەیوەندیەکان.
ناوبراو گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان قسە و گفتوگۆ لە سەر کردنەوەی چەند نووسینگەیەکی خۆی دەکات لە وڵاتان کە ئێستا ۱۴ نوێنەرایەتیمان هەیە و حەفت وڵاتی عەرەبیش لە هەرێمی كوردستان کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیان هەیە کە ئەمەش جێبەجێکردنی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و ڕەنگدانەوەی ئەم سیاسەتەیە بە تایبەتی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان".
سەفین دزەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد دا لە ساڵی داهاتوودا کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییە دۆستەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و لەوێدا تاوتوێی دوایین هەنگاوەکانی کاری بە یەکەوەیی و پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان بە گشتی دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا دزەیی ڕوونی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی هاوکاری و تەبایی بۆ سەرجەم لایەنەکان ڕادەکێشێت و هیوای ئاشتی و ئاشتەوایی و بەیەکەوە ژیانی بەردەوام دەخوازێت.
Your Comment