سەردار پاکپوور: بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان توندتر دەبنەوە

بەشی کرماشان- فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران ڕایگەیاند لە بەرامبەر هەر هەنگاوێکی دژی ئاسایشی ئێران دەوەستینەوە و لە سەرچاوەکەیەوە لە ناوی دەبەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەردار محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران کە بە مەبەستی چاودێری‌کردنی مانۆڕی سەربازیی سوپای پاسداران سەردانی ناوچەی قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشانی کردووە، ڕایگەیاند، مانۆڕەکەی ئەمڕۆ یەکێکە لەو مانۆڕە سەربازییانەی هێزە زەوینیی سوپای پاسداران کە بۆ ئەم ساڵ پلانی بۆ دانرابوو، مانۆرەکە زیاتر لە ڕەهەندێکی ئەمنییەوە بەڕێوەچوو، لەبەر ئەوەی یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی قەرارگەی نەجەفی ئەشرەفی سوپای پاسداران لە رۆژئاوای ئێران، "پاراستنی سنوورەکان، دابین کردنی ئاسایشی سنوورەکان و شارەکانی رۆژئاوای وڵاتە".

سەردار پاکپوور وتیشی: "پارێزگای دیالەی عێراق هاوسێمانە کە هێشتا ژمارەیەک ئەندامی داعش لەوێن. بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەو ئامادەییە پێویستانەمان هەبێت کە ئەگەر جووڵەیەک لەلایەن گرووپە تەکفیرییەکانەوە کرا، یەکینەکانمان لە رۆژئاوای وڵات ئەو ئامادەییەیان تێدا هەبێت کە بتوانن ڕووبەڕووی هەر هەنگاوێک ببنەوە کە لە دژی ئاسایشی ئێران دەنرێت و هەر لە سەرچاوەکەیەوە لە ناوی ببەن".

فەرماندەکەی سوپای پاسداران گوتیشی: "لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک ئەندامی داعش لە ناوچەی ئەزگەلەی کرماشان دزەیان‌کردە نێو سنوورەکانمان و لە نێوان ئەوان و هێزەکانی قەرارگەی نەجەفی ئەشرەف شەڕ دروست بوو و بەهۆی شەڕەکەوە ۲۱ کەس کوژران و دەستگیرکران".

 سەردار پاکپوور ڕاشیگەیاند یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی مانۆڕەکەی قەسری شیرین، ئامادەکردنی ‌‌هێزەکانمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەو گرووپانە.

شایانی باسە لە مانۆڕەکەدا ‌یەکەکانی زرێپۆش، تۆپخانە، تانک، هەلیکۆپتەر، درۆن و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سوپای پاسداران بەشدار بوون.

News Code 222657

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha