لە ساڵی ۲۰۰۳وە تاوەکوو ۲۰۲۳ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەرێگەی حکوومەتی هەرێم یاخود بەشێوەی سەربەخۆ دەیان ملیۆن دۆلاریان لە دروست کردنی "لۆبی"دا لە ئەمریکا خەرجکردووە، بەڵام کە بڕیاریاندا ریفراندۆم بکەن بۆ سەربەخۆیی، ئەمریکا پشتیوانی لێ نەکردن، حەلبوسی لەسەر گرێبەستێک کە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی کردویەتی، کەوتوەتە بەردەم ئەگەری ئەوەی حزبەکەی دابخرێتو خۆشی دادگایی بکرێت، بۆیە سەری خۆی ناوە بە سەری هەموو ئەو حزبو کەسایەتییانەوە کە لەدوای کەوتنی سەددامەوە هەوڵی دروست کردنی "لۆبی"یان داوە لە ئەمریکا، لیستی ناوی هەموویانی بڵاوکردەوە، حکوومەتی هەرێم پشکی گەورەی خەرجکردنی پارەی لە "لۆبی ئەمریکی"یدا بەرکەوتووە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە، ئەو کۆمپانیایەی حەلبوسی لەسەر دادگایی دەکرێت، بەر لە حەلبوسی، پارتی گرێبەستی لەگەڵدا کردووە. وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
حەلبوسی دادگا دەخاتە ناو گومانەوە!
کردنەوەی دۆسیە لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی داخستنی حزبەکەی (تەقەدوم)، بەتۆمەتی ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی کردووە بەبێ ئاگادارکردنەوەی فەرمانگەی حزبەکان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەرگای لەسەر ئاشکرابوونی گرێبەستی حزبو لایەنە حکومیو کەسایەتییە عێراقییەکانو حکوومەتو حزبەکانی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئاوەڵا کرد.
حەلبوسی لیستی ئەو لایەنو کەسایەتییە عێراقییانەی ئاشکراکرد، کە لە ساڵی ۲۰۰۳و دوای کەوتنی سەددامەوە تاوەکو ئەمساڵ (۲۰۲۳) لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان گرێبەستیان کردوە بەمەبەستی وەرگرتنی شارەزاییو بەدەستهێنانی پشتیوانی دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ئەمریکا لەرێگەی گروپەکانی فشار "لۆبی"یەوە، لەرێگەی بڵاوکردنەوەی ئەم لیستەوە حەلبوسی دەیەوێت لە دادگای عێراق بڵێت ئەوە هەر من نیم گرێبەستم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەیەو ئەگەر رێوشوێنی بگیرێتەبەر، هەموان لەم بوارەدا تێوەگلاون، چونکە بەپێی لیستە، لەدوای روخانی سەددامەوە ئەم کەسایەتیو لایەنە عێراقییانەش کاریان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووە:
• ئەیاد عەلاوی و عەدنان پاچەچیو ئەحمەد چەلەبیو باقر جەبر سۆلاغو تاریق هاشمیو ساڵح موتڵەگو ئەسیل نوجێفی
• حکوومەتی هەرێمی کوردستانو پارتیو یەکێتیی
• حکوومەتی عێراقو وەزارەتەکانی دارایی و نەوت و دەرەوە و باڵیۆزخانەکان و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری عێراق.
• حەشدی شەعبی و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و چەندین حزب و کەسایەتی سیاسی تری عێراق.
دوای ئەوەی فەرمانگەی حزبەکان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سکاڵایەکی لەبارەی داخستنی حزبی تەقەدوم بەرزکردەوە بۆ دەستەی دادوەریی کۆمسیۆن، دوێنێ حەلبوسی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کردو رایگەیاند" ۲۸۶ دامەزراوەی عێراقی گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووە، ئەو کۆمپانیایەی ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کردووە (کۆمپانیای BGR) ۱۰۰% کۆمپانیایەکی ئەمریکییە، ئەمە وەکو وەڵامێک بۆ باسم خەشانی پەرلەمانتار کە سکاڵای کردووەو دەڵێ ئەو کۆمپانیایە ئیسرائیلییە.
کورد لەناو لیستەکەدا!
حەلبوسی لیستی ناوی ئەو کەسایەتیو لایەنە حزبیو حکومیانەی عێراق دزە پێکرد کە ۲۰۰۳وە گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووەو ناویان لە وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمارکراوە.
یەکەم لۆبی دوای کەوتنی سەددام
دوای کەوتنی رژێمی سەددام حسێن، بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی ۲۰۰۳دا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکیدا کراوە بە ناوی (Nijyar H. Shemdin)، لەم گرێبەستەدا حکوومەتی هەرێم (ئیدارەی پارتی) بڕی (۴۷ هەزارو ۶۵۰) دۆلاری بە کۆمپانیا ئەمریکییەکە داوەو دیار نییە گرێبەستەکە بۆ چ مەبەستێک کراوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی (درەو)، ئەو ناوەی لە لیستەکەدا وەکو کۆمپانیا تۆمارکراوە، کۆمپانیا نییە، بەڵکو پیاوێکە بەناوی (Nijyar H. Shemdin) کە لەدوای کەوتنی سەددامەوە، لە ئەمریکا و کەنەدا و نەتەوەیەکگرتووەکان کاری بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کردووەو لۆبی بۆ کردوون.
نیجیار ئێچ شهمدن له ئۆفێسهکهی خۆی له ئهمریکا وێنهی نێچیرڤان بارزانی ههڵواسیوه
بەرزبوونەوەی خەرجی لۆبی کردن!
ساڵێک دواترو لە ۲۰۰۴دا، پارتی دیموکراتی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تری ئەمریکی بەناوی (Barbour Griffith & Rogers LLC)، ئەمەش کۆمپانیایەکی بواری لۆبیکردنە لە ئەمریکاو کورتکراوەکەی (BGR)ە، لەو ساڵەدا پارتی بڕی (۲۱۴ هەزارو ۲۰۶) دۆلاری بەم کۆمپانیایە داوە.
هەر لە ساڵی ۲۰۰۴دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان (ئیدارەی پارتی) جارێکی ترو بە دوو بڕی جیاواز پارەی بۆ (Nijyar H. Shemdin) خەرجکردووە، بڕی یەکەمی پارەکە (۱۴۷ هەزارو ۴۵۰) دۆلار بووە، بڕی دووەم (۴۷ هەزارو ۲۰۰) دۆلار بووە.
تەنیا بە کۆکردنەوەی ئەو پارانەی کە تۆمارکراون، دەردەکەوێت لە ۲۰۰۴ پارتی نزیکەی (نیو ملیۆن) دۆلاری لە دروستکردنی لۆبیدالە ئەمریکا خەرجکردووە.
زیادبوونی گرووپی لۆبی
لە ساڵی ۲۰۰۵دا حکوومەتەکەی پارتی بەردەوام بووە لەسەر گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای (BGR)و بە دوو بڕی جیاواز پارەی بە کۆمپانیاکە داوە، بڕی یەکەم بریتی بووە لە (۲۷۳ هەزارو ۲۰۹) دۆلارو بڕی دووەمیش بریتی بووە لە (۳۰۳ هەزارو ۳۸۹) دۆلار.
بەهەمان شێوە لە ۲۰۰۵دا پارتی بەردەوام بووە لەناردنی پارە بۆ پیاوە لۆبیکەرە ئەمریکییەکە (Nijyar H. Shemdin)، جارێکی ترو بە دوو بڕی جیاواز پارەی بۆ ناردووە، بڕی یەکەم (۲۱۷ هەزارو ۹۲۰) دۆلار بووە، بڕی دووەم (۱۰۷ هەزارو ۱۸۹) دۆلار بووە.
لەم ساڵەدا حکوومەتی هەرێم خەرجی دروستکردنی لۆبی زیاتر کردووەو گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی تردا کردووە بەناوی (Russo Marsh & Rogers)، ئەمەش کۆمپانیایەکی بواری لۆبیکردنەو سەربە پارتی کۆمارییەکانە، لەو ساڵەدا کەمپەینێکی دروستکردنی پشتیوانی بۆ حکوومەتی هەرێم ئەنجامداوە، لەبەرامبەر ئەم کارەدا حکوومەتی هەرێم بڕی (۲۴۲ هەزارو ۵۰۰) دۆلاری پێداوە.
پارەی خەرجکراوی کوردستان بۆ دروستکردنی لۆبی، لەم ساڵەدا بۆ زیاتر لە (یەک ملیۆن) دۆلار بەرزبووەتەوە.
۲ ملیۆن و ۵۰۰ هەزار دۆلار بۆ نوێنەرایەتی هەرێم
ساڵی ۲۰۰۶ پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام بووە لە گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای (BGR)، بەدوو بڕ پارەی بۆ ناردووە، بڕی یەکەم (۵۴۷ هەزارو ۴۸۰) دۆلار بووە، بڕی دووەم (۳۲۱ هەزارو ۸۵۳) دۆلار بووە.
هاوکات حکوومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی تردا کردووە بەناوی (Herald Group LLC)، ئەم کۆمپانیایە لەبواری راوێژکاریی پەیوەندییە گشتییەکانو خزمەتگوزاری لەبواری پەیوەندییە ستراتیژییەکانو بەڕێوەبردنی هەڵمەتە جەماوەرییەکانو کەمپەینی میدیاییو توێژینەوەی ستراتیژیدا کاردەکات، لەو ساڵەدا حکوومەتی هەرێم بڕی (۱۶ هەزار) دۆلاری بۆ ناردووە.
ئەمساڵیش (۲۰۰۶) حکوومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە ناردنی پارە بۆ کۆمپانیای (Russo Marsh & Rogers)، بەڵام بڕی پارەکە لە لیستەکەدا تۆمارنەکراوە.
سەرباری ئەمانە، حکوومەتی پارتی بەردەوام بووە لە ناردنی پارە بۆ پیاوە لۆبیکارەکە (Nijyar H. Shemdin)، ئەمجارەش بە دوو بڕی جیاواز پارەی بۆ ناردووە، بڕی یەکەم (۱۲۳ هەزار) دۆلار بووە، بڕی دووەم (۸۱ هەزارو ۷۵۰) دۆلار بووە.
هەر لە ۲۰۰۶دا بڕە پارەیەکەی زۆر تۆمارکراوە کە حکوومەتی هەرێم بۆ نوسینگەکەی خۆی لە ئەمریکا رەوانە کردووە بڕەکەی (۲ ملیۆنو ۵۰۰ هەزار) دۆلارە، لەم ساڵەدا قوباد تاڵەبانی کوڕی بچوکی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پۆستی بەرپرسی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی لە واشنتۆن گرتەدەست، ئەو سەردەمە سەرەتای بڵاوبوونەوەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان بوو لەبارەی خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بۆ دروستکردنی لۆبی کورد لە ئەمریکا.
حکوومەتی هەرێم ئەمساڵیش (۲۰۰۶)، کاری لەگەڵ کۆمپانیایەکی تری ئەمریکی کردووە بەناوی (Slocum & Boddi PC)، بڕی ئەو پارەی کە پێیداوە، تۆمارنەکراوە.
ئەمساڵ پارەی رەوانەکراوی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەمریکا بۆ زیاتر لە (۳ ملیۆن) دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمە تەنیا ئەو بڕە پارانەیە کە تۆمارکراون.
لۆبی کورد لە ۲۰۰۷دا
ساڵی ۲۰۰۷ جارێکی تر حکوومەتی هەرێم پشکی گەورەی لە پارەدا بە کۆمپانیاکانی بواری لۆبیکردن لە ئەمریکا بەرکەوتووە، لەم ساڵەدا، حکوومەتی هەرێم بڕی (۱۱۰ هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ کۆمپانیایەک بەناوی (American Business Development group)، ئەم کۆمپانیایە لەبواری بازرگانی سەربازی کاردەکات.
گرێبەستەکەی حکوومەتی هەرێم لە ۲۰۰۷دا لەگەڵ کۆمپانیای (Russo Marsh & Rogers)دا بەردەوام بووە کە کەمپەینی پشتیوانیکردنی لە حکوومەتی هەرێم بەڕێوەبردووە، ئەمساڵیش بڕێکی پارەی تری بۆ نێردراوە، بەڵام بڕەکە تۆمارنەکراوە، لەپاڵ ئەمەدا پارەشی بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لە واشنتۆن ناردووە، بەڵام بڕەکەی تۆمار نەکراوە.
هەر لەم ساڵەدا، ئەم کۆمپانیایانە پارەیان لەحکوومەتی هەرێم وەرگرتووە:
• حکوومەتی هەرێم بڕی (۷ هەزارو ۳۱۸) دۆلاری ناردووە بۆ کۆمپانیای (Slocum & Boddi PC)ی ئەمریکی.
• ئەمساڵ ناوی کۆمپانیایەکی تریش زیادبووە کە حکوومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ کردووە، کۆمپانیاکە ناوی (Greenberg Traurig LLP)یە، حکوومەتی هەرێم بڕی (۴۰ هەزار) دۆلاری بۆ ناردووە.
• پارتی لەرێگەی حکوومەتی هەرێمەوە بەردەوامە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا گوماناوییەکە (BGR)، بە دوو وەجبە پارەی بۆ ناردووە، بڕی یەکەمی پارەکە (۳۸۱ هەزارو ۴۸۷) دۆلار بووە، بڕی دووەم (۴۷۸ هەزارو ۶۶۹) هەزار دۆلار بووە.
نەهرۆ کەسنەزانی بەدوای لۆبیدا گەڕاوە !
بەپێی بەڵگەنامەکە، لە ساڵی ۲۰۰۸دا، (نەهرۆ کەسنەزانی) رێبەری ئێستای تەریقەدی قادریی، بڕی (۶۰ هەزار) دۆلاری داوە بە لایەنێکی ئەمریکی بەناوی (Bitat, Janet M).
رۆژی ۶ی حوزەیرانی ۲۰۱۹، رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی لەبارەی شێخ نەهرۆ بڵاوکردەوە، لە راپۆرتەکەدا باسی لەوە کردبووە، شێخ لەگەڵ براکەیدا، بەر لە ڕووخانی رژێم لە ۲۰۰۳دا لەگەڵ ئەمریکییەکان کاریان کردووە، لەناو تۆڕە سۆفییەکەیاندا دەیان کەسیان کردووە بە هەواڵدەر کە لەناو دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکانی سەددامدا کاریان کردووە، بەپێی کتێبێک کە (بۆب وودوارد) نووسیویەتی، ئەو زانیارییانەی کە دوو برا کەسنەزانییەکە و تۆڕەکەیان بە هەواڵگری ئەمریکایان داوە "زانیاری زۆر دەگمەن و سەرەنجڕاکێش" بوون، دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا ژمارەی نهێنی "ROCKSTARS" بۆ داناون.
هەر لە ڕاپۆرتەکەی (واشنتۆن پۆست)دا ئاماژە بەوە کراوە، شێخ نەهرۆ یەکێک لەو کەسانەیە کە لە ئەمریکا بەدوای لۆبیدا دەگەڕێت.
پارتی پێش حەلبوسی گرێبەستی کردووە!
لە ۲۰۰۸دا حکوومەتی هەرێم بە دووجار، دوو بڕ پارەی زۆری بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لە ئەمریکا ناردووە، بڕی یەکەمی پارەکە (ملیۆنێکو ۲۴۳ هەزارو ۲۸۲) دۆلار بووە، بڕی دووەمیش (ملیۆنێکو ۱۹۸ هەزارو ۶۱۱) دۆلار بووە.
سەرباری ئەو پارانەی بۆ نوێنەرایەتی هەرێمی ناردووە، حکوومەتی هەرێم ئەمساڵیش پارەی بۆ ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی رەوانە کردووە کە ئەمانەن:
• بە دوو بڕی جیاواز، بڕی یەکەم (۸۴ هەزار) دۆلارو بڕی دووەمیش (۷۰ هەزار) دۆلار پارەی بۆ کۆمپانیای (American Business Development group) ناردووە.
• ناردنی گوژمە پارەیەکی تر بۆ کۆمپانیای (BGR)، بڕەکە بە دووجار نێردراوە، جاری یەکەم (۴۱۲ هەزارو ۷۶) دۆلار، جاری دووەمیش (۴۷۸ هەزارو ۶۶۹) دۆلار.
لەم ساڵەدا ناوی کۆمپانیایەکی نوێ دەردەکەوێت کە پارتی لەرێگەی حکوومەتی هەرێمەوە کاری لەگەڵدا کردووەو پارەی پێداوە، کۆمپانیاکە ناوی (BGR Governmemt affairs)ە، بڕی (۴۱۲ هەزارو ۶۷) دۆلاری لە حکوومەتی هەرێم وەرگرتووە، ئەوەی جێگای سەرەنجە ئەمە هەمان ئەو کۆمپانیایەیە کە حەلبوسی گرێبەستی لەگەڵدا کردووەو ئێستا لەسەر ئەم گرێبەستە دۆسیەی بۆ کراوەتەوە بۆ ئەوەی حزبەکەی دابخرێت، شیعەکان دەڵێن ئەم کۆمپانیایە لە بنەڕەتەوە کۆمپانیایەکی ئیسرائیلییەو سەرۆکی وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل دروستیکردووە.
• کۆمپانیای (Broydrick & Associates Inc) کە بڕی (۱۸ هەزارو ۹۳۸) دۆلاری وەرگرتووە، ئەمەش کۆمپانیایەکی بواری لۆبیکردنە.
• کۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP)، بە دووجار دوو بڕ پارەی لە حکوومەتی هەرێم وەرگرتووە، بڕی یەکەم (۲۴۰ هەزار) دۆلارو بڕی دووەمیش (۲۴۸ هەزارو ۲۸۸) دۆلار بووە، ئەم کۆمپانیایە لەبواری پارێزەرایەتیدا کاردەکات.
• حکوومەتی هەرێم بڕە پارەیەکی تری بۆ کۆمپانیای (Russo Marsh & Rogers) ناردووە، بەڵام بڕەکە لە بەڵگەنامەکەدا تۆمارنەکراوە.
• حکوومەتی هەرێم بڕی (۷ هەزارو ۹۴۸) دۆلاری بۆ کۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) ناردووە.
۲۰۰۹ کورد زۆرترین پارەی ناردووە
ساڵی ۲۰۰۹ حکوومەتی هەرێم بەبەراورد بە لایەنە عێراقییەکانی تر، زۆرترین پارەی بۆ نوێنەرایەتی خۆیو کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری لۆبیکردن ناردووە.
لەم ساڵەدا تەنیا بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لە واشنتۆن دوو بڕە پارەی زۆر رەوانە کراوە، بڕی یەکەم (۲ ملیۆنو ۶۰۳ هەزارو ۶۶۳) دۆلار، بڕی دووەمیش (۲ ملیۆنو ۹۹۶ هەزارو ۸۴۴) دۆلار.
ئەمساڵیش شێخ (نەهرۆ کەسنەزانی) بۆ هەمان لایەنی پێشتر، واتا (Bitat, Janet M) بڕی (۲۱ هەزار) دۆلاری ناردووە.
ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی بواری لۆبیکردن کە ۲۰۰۹ حکوومەتی هەرێم پارەی بۆ ناردوون ئەمانەن:
• کۆمپانیای (American Business Development group) بە دوو بڕی جیاواز پارەی وەرگرتووە، تێکڕای هەردوو بڕەکە (۱۲۰ هەزار) دۆلار بووە.
• کۆمپانیای (BGR Governmemt affairs) بە دوو بڕ پارەی وەرگرتووە، بڕی یەکەم (۴۳۸ هەزارو ۵۴۱) دۆلار، بڕی دووەم (۳۴۴ هەزارو ۴۲۸) دۆلار.
• کۆمپانیای (Broydrick & Associates Inc)، بەهەمان شێوە بە دوو بڕ پارەی وەرگرتووە، بڕی یەکەم (۴۸ هەزارو ۳۰۴) دۆلار، بڕی دووەم (۳۳ هەزارو ۶۱) دۆلار.
• ئەمساڵیش کۆمپانیایەکی نوێ دەرکەوتووە کە حکوومەتی هەرێم پارەی بۆ ناردووە، کۆمپانیاکە ناوی (Cassidy and Associates)ە کە لەبواری پەیوەندی نێوان حکوومەتەکاندا کاردەکات، ئەم کۆمپانیایە (۵۰ هەزار) دۆلاری وەرگرتووە.
• کۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بە دووجار پارەی وەرگرتووە، بڕی یەکەم (۳۰۶ هەزارو ۶۴۵) دۆلارو بڕی دووەم (۲۵۰ هەزارو ۲۱۹) دۆلار.
• ئەمساڵیش کۆمپانیایەکی نوێی ئەمریکی هاتوەتە ناوەوە بەناوی (Qrvis Communications LLC)، ئەم کۆمپانیایە بڕی (۱۵۰ هەزارو ۵۱۳) دۆلاری وەرگرتووە.
• کۆمپانیای (Russo Marsh & Rogers) بڕێک پارەی بۆ نێردراوە، لە راپۆرتەکەدا تۆمارنەکراوە.
• کۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بە دوو بڕ پارەی بۆ نێردراوە، بڕی یەکەم (۲۰۳ هەزارو ۱۹) دۆلار، بڕی دووەم (۳۵ هەزارو ۵۱۷) دۆلار.
• کۆمپانیایەکی نوێ لەم ساڵەدا هاتوەتە ناو بوارەکە، ناوی (TS Navigations LLC)، ئەم کۆمپانیایە بڕی (۴۸ هەزار) دۆلاری لە حکوومەتی هەرێم وەرگرتووە.
لۆبی ۲۰۱۰
لەم ساڵەدا حکوومەتی هەرێم بڕی زیاتر لە (ملیۆنێکو ۲۴۲ هەزار) دۆلاری تەنیا بۆ نوسینگەی خۆی لە واشنتۆن ناردووە.
ئەمساڵ شێخ (نەهرۆ کەسنەزانی) لایەنێکی تری بۆ ناردنی پارە هەڵبژاردووە کە ناوی (Akbar, mir)ە، بڕی ئەو پارەی کە ناردویەتی لە راپۆرتەکەدا تۆمار نەکراوە.
حکوومەتی هەرێمیش لەمساڵدا پارەی بۆ ئەم کۆمپانیایانە ناردووە.
• کۆمپانیای (American Business Development group) بڕی (۱۲۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (BGR) بڕی زیاتر لە (۸۵۰ هەزار) دۆلاری وەرگرتووە.
• کۆمپانیای (Broydrick & Associates Inc) بڕی زیاتر لە (۲۶ هەزار) دۆلاری وەرگرتووە.
• کۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی زیاتر لە (۵۴۴ هەزار) دۆلاری وەرگرتووە.
• کۆمپانیای (Qrvis Communications LLC) بڕی زیاتر لە (۵۰۰ هەزار) دۆلاری وەرگرتووە.
• کۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی زیاتر لە (۲۵ هەزار) دۆلاری وەرگرتووە.
• کۆمپانیای (TS Navigations LLC) بڕی (۹۶ هەزار) دۆلاری وەرگرتووە.
پارەی لۆبی لە ۲۰۱۱دا
ئەمساڵ بۆ هەمان ناونیشانی (Akbar, mir)، شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بڕە پارەیەکی ناردووە، بڕەکە لە راپۆرتەکەدا تۆمار نەکراوە.
حکوومەتی هەرێمیش ئەمساڵ ئەم بڕە پارەی بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ناردووە:
• کۆمپانیای (BGR) بڕی (۷۸۹ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (۱۳۰ هەزار) دۆلاری وەرگرتووە.
• کۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی (۴ هەزارو ۹۲۰) دۆلاری وەرگرتووە.
• کۆمپانیای (TS Navigations LLC) بڕی (۳۳ هەزار) دۆلار.
لۆبی لە ۲۰۱۲دا
ئەمساڵیش نەهرۆ کەسنەزانی لەسەر ناونیشانەکەی پێشوو ماوە کە (Akbar, mir)ە، بەڵام بڕە پارەکەی دیار نییە.
ئەمساڵ ئەم کۆمپانیایانە پارەیان لە حکوومەتی هەرێم وەرگرتووە:
• کۆمپانیای (BGR) بڕی (۲۱۳ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (۲۰ هەزار) دۆلار.
• حکوومەتی هەرێم پارەی بۆ چەند کۆمپانیایەکی تریش ناردووە، بەڵام بڕی پارەکان تۆمارنەکراوە.
لۆبی لە ۲۰۱۳دا
نەهرۆ کەسنەزانی بۆ هەمان ناونیشانی (Akbar, mir) پارەی ناردووە.
حکوومەتی هەرێمیش بۆ ئەم کۆمپانیایانە:
• کۆمپانیای (BGR) بڕی زیاتر لە (۳۶ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Qrvis Communications LLC) بڕی زیاتر لە (۱۳۰ هەزار) دۆلار.
پارەی لۆبی لە ۲۰۱۴دا
• کۆمپانیای (MSL GROUP Americas, Inc) بڕی زیاتر لە (۵۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی زیاتر لە (۱۶۸ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (BGR) بڕی زیاتر لە (۷۱۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Squire patton Boggs, LLP) بڕی زیاتر لە (۶۷ هەزار) دۆلار.
لۆبی ۲۰۱۵
ئەمساڵ حکوومەتی هەرێم بۆ نوسینگەکەی لە واشنتۆن بڕی زیاتر لە (۸۸۹ هەزار) دۆلاری ناردووە، سەرباری ئەمە پارەی بۆ ئەم کۆمپانیایانە خەرجکردووە:
• کۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی (۱۰ هەزار) دۆلار
• کۆمپانیای (MSL GROUP Americas, Inc) بڕی (۶۷ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (۶۵ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (BGR) بڕی زیاتر لە (۲۴۴ هەزار) دۆلار.
پارەی لۆبی لە ۲۰۱۶دا
• کۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی زیاتر لە (۳ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (MSL GROUP Americas, Inc) بڕی (۱۰ هەزار) دۆلار.
• بۆ (Dentons US LLP) بڕی (۲۵ هەزار) دۆلار.
• لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی تر کە بڕی پارەکەیان تۆمارنەکراوە.
لۆبی لە ۲۰۱۷دا
ساڵی ۲۰۱۷ کە هەرێمی کوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کردو ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لێ نەکرد، پرۆسەی لۆبیکردن لەرێگەی کۆمپانیاکانەوە بەردەوام بووەو حکوومەتی هەرێم پارەی بەم کۆمپانیایانە داوە:
• کۆمپانیای (BGR) بڕی (۲۷۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (۲۴۲ هەزار) دۆلار.
• لەگەڵ ناردنی پارە بۆ چەند کۆمپانیایەکی تر کە بڕەکانیان تۆمار نەکراوە.
لۆبی لە ۲۰۱۸دا
حکوومەتی هەرێم ئەمساڵ سەریاری ئەوەی بڕی (۷۳۲ هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ نوێنەرایەتی خۆی لە واشنتۆن، پارەی بۆ ئەم کۆمپانیا ئەمریکییانە ناردووە:
• کۆمپانیای (BGR) بڕی (۱۲۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Dentons US LLP) بڕی (۲۷۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (PASS LLC) بڕی زیاتر لە (۴۳۷ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی نزیکەی (۶ هەزار) دۆلار.
هەر لەم ساڵەدا، بەپێی بەڵگەنامەکە، لقی ۷ی پارتی لە ئەمریکاو کەنەدا بڕی زیاتر لە (۳۱۱ هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ کۆمپانیای (Digenova & Toensing LLP).
پارەی لۆبی لە ۲۰۱۹دا
ئەمساڵ پارەی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەم کۆمپانیایانە رۆیشتووە:
• کۆمپانیای (BGR) بڕی (۱۲۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Dentons US LLP) بڕی (۳۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (۳۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (PASS LLC) بڕی (۱۲۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (OPC Strategies LLC) بڕی (۸ هەزارو ۹۰۰) دۆلار.
• کۆمپانیای (PASS LLC) بڕی زیاتر لە (۵۲۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی زیاتر لە (۳۶ هەزار) دۆلار.
پارەی لۆبی لە ۲۰۲۰دا
ئەمساڵ پارەی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەم کۆمپانیایانە بووە:
• کۆمپانیای (BGR) بڕی (۱۲۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Dentons US LLP) بڕی (۱۸۱ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (۲۰۰ هەزار) دۆلار.
• لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی تر کە بڕی پارەکەیان تۆمارنەکراوە.
پارەی لۆبی لە ۲۰۲۱دا
ئەمساڵ حکوومەتی هەرێم بڕی زیاتر لە (۹۷۲ هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لە واشنتۆن، لەپاڵ ئەمەشدا ئەم پارانەی بۆ کۆمپانیاکانی لۆبی ئەمریکا خەرجکردووە:
• کۆمپانیای (BGR) بڕی (۱۲۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Dentons US LLP) بڕی (۱۲۰ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Greenberg Traurig LLP) بڕی (۳۲۷ هەزار) دۆلار.
• کۆمپانیای (Slocum & Boddi PC) بڕی زیاتر لە (۲۵ هەزار) دۆلار.
• لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی تر کە بڕی پارەکەیان دیاری نەکراوە.
یەکێتیش گرێبەستی کردووە
داتای پارەی رەوانەکراوی کوردستان بۆ دروستکردنی لۆبی لە ۲۰۲۲و ۲۰۲۳دا لە بەڵگەنامەکەدا نەخراوەتەڕوو، بەڵام لەم دوو ساڵەدا حکوومەتی هەرێم بەهەمان شێوەی ساڵانی پێشتر پارەی بۆ نوێنەرایەتی خۆیو چەند کۆمپانیایەک ناردووە، بەڵام بڕی پارەکان تۆمارنەکراوە.
لە ساڵی ۲۰۲۳دا یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە بەناوی (AF International, LLC)ی کردووە.
Your Comment