هەرێم خواستی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کۆ بووەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کۆ بووەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی‌کردەوە "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە یاسای بوودجە و نەوت کرا، و تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان".

هەر لە کۆبوونەوەکەدا نیازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ڕیشەیی جەختی لێکرایەوە و ئاماژە بەوەدرا، ئەوەی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە ئەنجامی داوە، تاوەکوو گفتوگۆکان بگەنە رێکەوتن و چارەسەر و ئاماژەدرا بە کۆبوونەوەی هاوبەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی باڵای وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، کە هەرێمی کوردستان ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەکان خستویەتییە بەردەم وەزارەتی نەوتی فیدراڵ.

پوختەی کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوولا کە تا ئێستا هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی دوا هەڵوێستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵە سەبارەت بە پێشنیازەکانی هاتوو لەمیانەی کۆبوونەوەکانی هەردوولا لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا لە هەولێر بیروڕایان لەبارەیەوە ئاڵوگۆڕکران.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا خواستی هەرێمی کوردستان بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتە لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو کە ئەم بابەتەش پێویستی بە دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت هەیە.

هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئالنگارییانە کرا لەماوەی چەند ساڵی رابردوو هاتووەتە پێش کۆمپانیاکانی نەوت، کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری بۆیان دروست بووە، بە سوپاسەوە تیشک خرایە سەر خۆڕاگری کۆمپانیاکان و لەبەرامبەر ئەو ئاستەنگانەی کە هەن، ئاماژەش بەوەدرا بە پێکەوەیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن.

هەروەها بڕیاردرا کە ئەم جۆرە کۆبوونەوە هاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش، بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە پێناوی دەستپێکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە رۆڵی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق.

News Code 222651

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha