داوای دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکووک هیچ پاساوێکی یاسایی نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان یادداشتێکی لەبارەی پرسی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نووسیوە و تیایدا ڕەهندە یاسایی و دەستوورییەکانی تاوتوێ کردووە.

لە ماوەی ڕابردوودا دوو داوا بە ژمارەکانی ٢٥٦، ٢٦٤/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٣ لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کراون و لە لایەن دادگاکەوە یەکخران. ناوەڕۆکی هەر دوو داواکە بریتییە لە پابەند کردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک تا کۆتایی هاتنی پڕۆسەی وردبینییی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە بەپێی مادەی ١٣ لە قانوونی هەمواری سێیەمی قانوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٢.

لەو بەندەدا داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کراوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی، پلاندانان و بە بەشداریی نوێنەری هەر یەکێک لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کەرکووک کە پێویستە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بن لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک بەپێی سێ بنەما کە لە بەندەکەدا دیاری کراون.

ئەوەی جێی سەرنجە لەم بەندە قانوونییەدا هیچ بنمیچێکی زەمەنی دیاری نەکراوە بۆ تەواو کردنی پڕۆسەی وردبینییەکە و لە هەمان کاتیشدا تەواو کردنی پڕۆسەی وردبینییەکە نەکراوەتە مەرج بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک یان ئەنجومەنی نوێنەران. بۆیە داواکردنی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە کەرکووک بە بیانووی تەواو نەبوو  ڕ نی پڕۆسەی وردبینییەکە، پاڵپشتی قانونیی نییە.

لە لایەکی ترەوە دەستووری بەرکاری عێراق رێوشوێنی ئاسایی کردنەوەی دۆخی سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکووکیشی دیاری کردووە کە خۆی لە رێوشوێنەکانی مادەی ١٤٠ و مادەی ٥٨ی قانوونی ئیدارەدانی دەوڵەت ئەبینێتەوە و هەر رێکارێکی تر کە پێچەوانە بێ لەگەڵ ئەو دوو مادەیە، هەر لە بنچینەوە نادەستووری ئەبێ. هەر لەم ڕوانگەیەوە دادگای باڵای فیدڕاڵی لە بڕیاری ژمارە ١٠٣/ فیدڕاڵی/ ٢٠١٩ دا  مادەی ١٢ی قانونی هەمواری یەکەمی قانونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠١٩ی بە نادەستوری دانا کە تا ڕادەیەک هاوشێوەیە لەگەڵ مادەی ١٣ لە قانوونە نوێیەکە و پاساوی دادگاکە بۆ نادەستووری بوونیشی پەیوەندیدارە بە رەچاو نەکردنی ئەو گۆڕانکارییە دیموگرافی و کارگێڕییانەی ڕژێمی پێشوو لە پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە کەرکووک و پارێزگاکانی تر ئەنجامی داون. هەر بۆیەش هەر ڕێوشوێنێک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگای کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر ئەبێ لە چوارچێوەی مادەی ١٤٠ی دەستوور بێ نەک بکرێتە کەرەستەیەکی ململانێی هەڵبژاردنی نێوان لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان.

سەرباری هەموو ئەمانەش بەندەکانی دووەم و چوارەمی مادەی ١٣ لە قانوونی هەمواری سێیەمی قانوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٢، دەستەبەری ئەوەیان کردووە کە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناکرێتە بنەما بۆ هەر دۆخێکی قانوونی و کارگێڕی بۆ دیاری کردنی داهاتووی پارێزگای کەرکووک و پۆستەکانی دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگاکەش بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایە دابەش ئەکرێن نەک لەسەر بنەمای دەرەنجامی هەڵبژاردن. هەر بۆیەش هیچ مەترسییەک نییە لەوەی لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە پێکهاتەیەک کۆنتڕۆڵی دۆخی پارێزگاکە بکات و ئەوانی تر بێبەش بکات.

لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی لەسەرەوە باس کرا، داواکاریی دواخستنی ئەنجام دانی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی پارێزگای کەرکووک نەک هەر هیچ پاساوێکی قانوونی و دەستووریی نییە، بەڵکوو پەسەند کردنی ئەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆز کردنی دۆخی کەرکووک و رێگری کردن لە هێنانەکایەی دەسەڵاتێکی سەقامگیری هەڵبژێردراو کە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکە لەخۆ بگرێت.

News Code 222642

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha