یەكێتیی نیشتمانی دڵنیایە سكاڵاكەی لەسەر یاسای هەڵبژاردن ئەنجامی دەبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان دڵنیایە سكاڵاكەی لەسەر یاسای هەڵبژاردن ئەنجامی دەبێت‌ و پارتی بڕیاردانی هەڵگرتووە بۆ دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی هاووڵاتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە: چوار ساڵە پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر یاسای هەڵبژاردن و بەتایبەتیش کۆتاکان ناکۆکن، ئێستاش لە چاوەڕوانی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی عێراقدان بۆ بڕیاردان، یەکێتی پێی وایە پێکهاتەکان لەلایەن پارتییەوە بەکاردەهێندرێن، بۆیە سکاڵای لەسەر کورسی کۆتاکان ئەنجامداوە، پارتیش قسەکردنی لەوبارەیەوە هەڵگرتووە بۆ دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی، تورکمانەکانیش سکاڵاکەی یەکێتی بەهەڕەشە لەسەر ناسنامەی نەتەوەییان لێکدەدەنەوە و پەنایان بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان و کونسوڵی وڵاتان بردووە.

لەڕۆژی ۲-۵-۲۰۲۳ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لیستی ڕافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکیان لەدژی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ۱۹۹۲ی هەموارکراو تۆمارکرد، لە سکاڵاکەدا داوا دەکەن هەمواری ماددەکانی (۱-۹-۱۵-۲۲-۳۶)ی هەموارەکە هەڵبوەشێتەوە و بگەڕێنرێتەوە سەر بنەڕەتەکەی.

زیاد جەبار، وەک سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان سکاڵاکەی تۆمار کردووە و پاشانیش ئامانج شەمعون وەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری کریستیانەکان بەهەمانشێوە سکاڵای لەسەر یاساکە تۆمار کردووە.

زیاد جەبار لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتیی وت: ئەو سکاڵایە لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمەو بەهیچ شێوەیەک دژی هیچ پێکهاتەو لایەنێک تۆمار نەکراوە، چوار ساڵە ئێمە لەهەوڵداین کێشەی کۆتاکان چارەسەر بکەین کە لایەنێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریاندەهێنێت.

وتیشی: پێشتریش بەتورکمانەکانمان وتووە نابێت رێگەبدەن هیچ لایەنێکی سیاسی بەکاریان بهێنێت، بەڵکوو خۆیان بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت لەپەرلەمانی کوردستان، سکاڵاکەش تەنها لەسەر کورسی پێکهاتەکان نییە، بەڵکوو بەشێکی لەسەر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانە.

زیاد جەبار دەشڵێت: لە عێراق بۆ هەر ۱۰۰ هەزار کەسێک یەک نوێنەر دەچێتە پەرلەمان، بۆیە پێویستە لەهەرێمی کوردستانیش بەوشێوەیە بێت، دووان لەماددەکانیش پەیوەندی بەکۆمسیۆن و بایۆمەتری و کارتی دەنگدانەوە هەیە، بەڵام پاش ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درایە دەست کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو سکاڵایانەی پەیوەستە بەو پرسانەوە کۆتایی هاتووە.

ئەگەر دادگای فیدراڵی عێراق لەدانیشتنی داهاتوو کەدواخراوە بۆ ۳-۱۲-۲۰۲۳ سکاڵاکە پەسەندبکات، ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ۱۱۱ کورسییەوە دەبێتە ۱۰۵ کورسی، بەوەش کورسی تورکمانەکان و کورسییەکی ئەرمەنەکان لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێتەوەو تەنها پێنج کورسی پێکهاتەی مەسیحیەکان لەپەرلەمانی کوردستان دەمێنێتەوە.

هاوڵاتی پەیوەندی بەچەندین بەرپرسی تورکمان و ئەندامانی پەرلەمان لەلیستی تورکمانی کرد لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، وەڵامی پەیوەندیەکانیان نەدایەوە.

بەڵام مونا قەهوەچی، کە لەسەر لیستی کۆتای تورکمانەکان لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وەک سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەستبەکاربوو، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی لایەنە تورکمانەکانی سەبارەت بەسکاڵاکەی یەکێتی لەدادگای فیدراڵی راگەیاند.

قەهوەچی لەکۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا دەڵێت: دەرئەنجامی کۆبوونەوەی حزب و لایەنە تورکمانیەکان و رێکخراوەکانی تورکمان ئەوەیە کەگرنگە سیستەمی کۆتا وەک خۆی بمێنێت و پاشەکشێی لێنەکرێت، جگە لەوەی لایەنە تورکمانیەکان لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردین لەوکاتەی دیاریکراوە بەڕێزگرتن لەڕاو بۆچوون و مافی پێکهاتەکان.

سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وتیشی: داوای هاوکاری و پشتیوانی لەسەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین کەڕێگە نەدەن رۆڵی پێکهاتەکان لەهەرێمی کوردستان بچووک بکرێتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی تورکمان دانیشتووی پارێزگای هەولێرن نابێت مافیان پێشێل بکرێت.

مونا قەهوەچی  دەڵێت سیستەمی کۆتا لەلایەن تورکمانەوە بۆیە قبوڵ کراوە چونکە تائێستا لەعێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێرییەکی گونجاو ئەنجام نەدراوەو رێژەی راستەقینەی پێکهاتەی تورکمان دیارینەکراوە، بۆیە پێکهاتەی تورکمان داوای پاڵپشتی و هاوکاری لەنەتەوەیەکگرتووەکان و کونسوڵگەری سەرجەم وڵاتان لەهەرێمی کوردستان دەکات رێگری بکەن لەپێشێلکردنی مافی پێکهاتەی تورکمان و رێگەش نەدرێت هیچ لایەنێکی سیاسی لەهەرێمی کوردستان دەستتێوەردان لەمافی پێکهاتەی تورکمان لەهەرێم بکات، هەر دەستکاریکردنێکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و نەمانی کورسی کۆتای تورکمان کۆتایی پێکهاتەی تورکمانە، ئەوەش بەمانای سڕینەوەی ناسنامەو مێژوو و شارستانیەت و بوونی سیاسی نەتەوەیی تورکمانە کەبەشێکە لەخاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

پێشتر سەبارەت بەبڕیارەکە، بەسام عەلی، بەرپرسی لقی ۱۲ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئێمە پێشتریش لەسەر لیستی تۆماری دەنگدەران و کۆتاکان لەگەڵ لایەنەکان لەگفتوگۆدابووین، بەڵام بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەنایاسایی بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆکانی هەڵوەشاندەوە، بۆیە دواجار دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاردەدات لەسەر ئەو سکاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم هەن و دواتر دەبێت لایەنەکانی هەرێم پابەندی هەر بڕیارێک بن کەدادگاکە دەیدات.

پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەساڵی ۲۰۰۵، یەک هەڵبژاردن کرا کەساڵی ۱۹۹۲ بوو. لەساڵی ۲۰۰۴ یاساکە هەموارکراو ماددەی ۹ـی لادرا کەباسی لەوە دەکرد، «هەرێمی کوردستان لەچەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکدێت بەمەرجێک لەچوار ناوچە تێنەپەڕێت» و کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن. ئەو ماددەیە یەکێکە لەو ماددانەی تانەیان لێدراوە.

بڕیارە لە ۲۵ـی شوباتی ۲۰۲۴ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

ئەو پێنج ماددەیەی تانەیان لێدراوە:

ماددەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە ۱۱۱ ئەندام پێکدێت.

ماددەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بەیەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.

ماددەی ۱۵: بۆ هەرێمی کوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.

ماددەی ۲۲: هەر کیانێکی سیاسی لەهەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بەکاندیدەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکەش بکات، کە رێژەیەک ژنی تێدابێت لە ۳۰% کەمتر نەبێت.

ماددەی ۳۶: بەهۆی ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەبری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات سکاڵاکەی سەری کۆتایی هاتووە.

شۆڕش حەسەن، پسپۆڕی دەستووری پێی وایە دادگای فیدراڵی سەیری ئەوە دەکات کەئەو دەقە پێچەوانەیە لەگەڵ دەستوری عێراق یاخود نا، بەڵام هیچ شتێکی لەبەردەستدا نییە بۆ بڕیاردان.

ئەو پسپۆڕە دەستورییە لەلێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی: دەستوری عێراق تەئکید لەوەدەکاتەوە کەدەبێت پەرلەمان هاوسەنگی بپارێزێت لەنێوان پێکهاتەکان و ئەمەش لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەکو یاسا جێگیرکراوە بۆ پێکهاتەکان، بەڵام کێشەکە ئەوەیە سەرژمێرییەک نییە لەهەرێم ژمارەی پێکهاتەکان روون بکاتەوە، بۆیە دانانی پێنج کورسی بۆ تورکمان رەنگە کەم نەبێت.

وتیشی: پێویستە یاساکە وای لێبکرێت دیاری بکات لەناوچەیەک تورکمان یاخود هەر پێکهاتەیەک چەند کورسییان پێویستە، بۆیە هەڵەی یاساکە ئەوەیە، جگە لەوەی ۱۱۱ کورسی تەرخانکراوە بۆ پەرلەمانی کوردستان، لەکاتێکدا ئەوە زۆرە چونکە تاژمارەی پەرلەمانتاران کەمتر بێت کاراتر دەبێت.

شۆڕش حەسەن دەشڵێت: ئەوەی لەهەرێمی کوردستان بۆ پێکهاتەکان دیاریکراوە هەڕەمەکییەو پێویستە جارێکی دیکە یاساکە بگۆڕێت بەپێی سەردەم بگونجێنرێت، بۆیە بەڕای من لەهەر پارێزگایەک هەڵبژاردن بازنەیەک بێت باشترە تا خەڵک بتوانێت نوێنەری راستەقینەی خۆی هەڵبژێرێت و بۆ ساختەکاریش زووتر کۆنترۆڵ دەکرێت.

شۆڕش حەسەن زیادی کرد لەهەرێمی کوردستان کێشەمان هەیە، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەریش کۆنن، چەندین جار هەموارکراون ئەمەش کەموکوڕییەکی گەورەیە پاش ۳۰ ساڵ پێویستە یاسایەکی نوێ دابنێیت، ئەوەش فەوزایەکی تەشریعی دروستکردووە، ئەگەر پەرلەمانی نوێ لەهەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا پێویستە یەکەم کاری ئەوەبێت، جگە لەوەش نەبوونی دەستور  کەموکوڕییەکی گەورەیە چونکە  ئەگەر دەستور شتێکی دیاریکرد ناتوانرێت دەستکاری بکرێت و دەبێت بۆ هەموو کێشەکان بگەڕێیتەوە بۆ دەستوور.

بەپێی زانیاریەکانی هاوڵاتی، یەکێتی دڵنیایە لەوەی سکاڵاکەی لەدادگای فیدراڵی ئەنجامی دەبێت و ئەوەشی بەپارتی راگەیاندووە تاپێش ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاربدات لەبارەی کورسی پێکهاتەکانەوە رێککەوتن ئەنجامبدەن، بەڵام پارتی رەتیکردووەتەوە لەوبارەیەوە هیچ رێککەوتنێک ئەنجامبدات و بەیەکێتی راگەیاندووە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن.

لەکۆبوونەوەی رۆژی ۹-۱۰-۲۰۲۲ـی پەرلەمانی کوردستان، بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ۳۱-۱۲-۲۰۲۳ درێژکرایەوە، لەکاتێکدا ۶-۱۱-۲۰۲۲ تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.

رۆژی ۳۰ی ئایاری ۲۰۲۳، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بەنادەستووری دانا، بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتا دوای ۶ـی ۱۱ـی ۲۰۲۲)، بەپووچەڵ دەژمێردرێن، لەناویاندا شەش یاساو بڕیاری ژمارە ۱۰ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی پێی وابوو کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتی دەکردەوەو ئەمەش ناکۆکیی لەنێوان هەردوولادا دروست کرد.

پێشتر سەرچاوەیەک لەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هاوڵاتیی وت: رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەر ئەوانە دەبن کە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکرێن، بەڵام چەند سکاڵایەک هەن ئەگەر یەکلابنەوە کۆمسیۆن لەدوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق رێنمایی دەردەکات بۆ تۆمارکردنی لیست و قەوارەکان، چونکە بڕیارێکی جیاواز هەموو شتێک دەگۆڕێت.

ڕۆژی ۱۹-۱۱-۲۰۲۳، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق  رایگەیاند: ۳۸ پارتی سیاسی بۆیان هەیە بەشداری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، ئەو حزبانە بەشێکیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان هەیەو بەشێکی دیکەشیان بەپێی یاسای حزب و رێکخراوە سیاسییەکان لەلایەن فەرمانگەی پارتە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکراون.

وتیشی: لەو ۳۸ حزبە ۱۷ حزبیان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە ۱۷ی ساڵی ۱۹۹۳ی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، هەروەها ۲۱ حزبیشیان بەپێی یاسای حزب و رێکخراوە سیاسییەکانی عێراق ژمارە ۳۶ی ساڵی ۲۰۱۵ تۆمارکراون.

News Code 222575

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha