وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان گه‌ڕایەوە سەر کارەکەی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە رایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ وه‌کوو یه‌ک تیم کاریان کردووه‌ و چه‌ندین و هه‌نگاویان ناوه.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شۆڕش ئیسماعیل ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:   "به‌نده‌ له‌ پێش راپه‌ڕین له‌گه‌ڵ هه‌مو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مان و تێکۆشه‌ره‌کاندا به‌شدار بوون له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رژێمی به‌عسی فاشیزم، تا رۆژی راپه‌ڕین له‌سه‌ر شاڕێی راستی کوردایه‌تی به‌رده‌وام بوین تا به‌ئامانج گه‌یاندنی به‌رهه‌مه‌کانی خه‌بات و تێکۆشانی گه‌له‌که‌مان به‌ ئامانجی دروست‌بوونی قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان، له‌دوای راپه‌ڕینیش له‌ هه‌ر پێکه‌و ده‌سه‌ڵاتێکدا بوبم چ له‌ناو حزب و چ یاخود حکوومه‌تدا ئه‌رکی له‌ پێشینه‌م هه‌میشه‌ بریتی بووه‌ له‌ خزمه‌تی که‌سوکاری شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵکی کوردستان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، "له‌ماوه‌ی کارکردنم له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌مان بیری پێشمه‌رگه‌یه‌کی خاوه‌ن بڕوای کوردستانییه‌وه‌ کارمکردوه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌کاربونم وه‌ک وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌ک کابینه‌ی نۆیه‌م هه‌مو ئامانج و پلانی کارکردنمان له‌پێناو چاکسازی و پڕۆسه‌ی رێکخستن و یه‌کخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و هه‌روه‌ها دروستکردنی هێزێکی خاوه‌ن بڕوای پته‌وی کوردستانی و خاوه‌ن دیسپلینی سه‌ربازی بوه‌، بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌رکه‌ش وه‌کوو تیمێکی یه‌کگرتو له‌ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ توانیومانه‌ چه‌ندین پڕۆسه‌ی گرنگ و ستراتیژی بگه‌یه‌نینه‌ ئه‌نجام".

شۆڕش ئیسماعیل باسی له‌وه‌ش کرد، "توانیومانه‌ زه‌مینه‌ی رێککه‌وتنێکی گرنگ و کاری هاوبه‌شی دورمه‌ودا له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی دیکه‌مان دروستبکه‌ین، ئه‌وه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ هه‌موو ئه‌و کاره‌ گرنگانه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ئه‌نجامدراون له‌ دۆخێکی سه‌ختی ئابووری و سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای کۆرۆنا و چه‌ندین قه‌یرانی دیکه‌ که‌ ڕووبه‌ڕووی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بوونه‌ته‌وه‌".

News Code 222573

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha