بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ شاندی باڵای یەکێتی لەبارەی سێ دۆسیەی جیاوازەوە کە پەیوەستە بە دۆخی سیاسی و کارگێری و ئاسایشی هەرێم و عێراق گفتوگۆیان کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، باسیان لە دۆزینەوەی رێگایەک بۆ پاراستنی خەڵکی هەرێم لەو ئاڵنگارییە ئەمنیانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە کردووە، بۆ ئەوەی کورد نەبێتە بەشێک لە ململانێکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دلێر عەبدولخالق ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی ئەمنی ناوچەکە لە ئێستادا مەترسی لەسەرە، بڕیاری دروست ئەوەیە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی بەشداربووی حکوومەت و ئۆپۆزسیۆنیش لەسەر ستراتیژییەکی نیشتمانی ڕێکبکەون.
دلێر عەبدولخالق باسی لەوەش کرد، یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆیان لە بارەوە کرد، کێشەی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان نەبوونی مووچە و کێشە هەڵپەسەرێدراوەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا بوو.
وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی ئاش کرا کرد، هەموو هەولێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی باس کران و جەخت لە مافی مامۆستایان دەکەنەوە، لایەنە سیاسییەکان دەبێت هەموو هەولێک بدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ئێستا لە ئارادایە.
Your Comment