بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی ڕەسمیی حزبەکەی راگەیاند: "بەداخەوە بەغدا نیەتی خراپە و نایانەوێت هەرێمێکی بەهێز هەبێت، هەرچەندە نیەتی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان باشە بەتایبەت سەرۆک وەزیران، بەڵام هەندێک پیلانی ناوخۆ و دەرەکی دژی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەگەر نا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نیەتێکی ساف و بە ڕاستگۆیی هیچی بۆ بەغدا نەهێشتۆتەوە بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت".
ناوبراو وتووشیەتی: "ئێستا ئەرکی عێراقە پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات".
شوان کەلاری وتووشیەتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکان و بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەمانەوێت مافەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور بدرێت، لای ئێمە بنەماکانی تەوافق و شەراکەت و تەوازن کە عێراق لەسەری دمەزراوە بنەمان و پێویستە مافەکانی هەرێم بەپێی دەستور بدرێت، ڕێگە نادەین پیلان دژی هەرێمی کوردستان سەربگرێت و بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان و ڕێگە نادەین زیان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگات".
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی جەختیشی کردۆتەوە: "هیچ کاتێک ڕێگە نادەین وەکوو پارێزگا مامەڵە لە گەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و پێویستە وەکوو هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت".
Your Comment