ئامانجی ئێمە ئەوەیە لە ڕێگای دەستوورەوە کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا بەردەوامن و ئامانج ئەوەیە گرفتەکان لەڕێگەی یاسا و دەستوورەوە چارەسەر بکرێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ڤۆلکەر پێرسێس سەرۆکی تیمی سەربەخۆی پێداچوونەوەی ستراتیژی بە ئەرکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) کۆ بووه‌وە و پێکەوە باسی دواپێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد.

‎لە کۆبوونەوەکەدا تیشكیان خسته‌ سه‌ر ڕۆڵی تیمى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، قوباد تاڵەبانی سوپاس و ستایشی رۆڵی گرنگ و دیاری ئەوانی کرد و لەوبارەیەوە ئاماژه‌ى به‌ هه‌وڵ و كاره‌كانى یونامى كرد لە یارمه‌تیدانی لایەنە سیاسییە عێراقییەکان‌ بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیرى و چارەسەر کردنی کێشەکان لەڕێی دیالۆگەوە.

‎لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ڕەوشی ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا خرایە بەرباس و جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا بەردەوامن و ئامانج ئەوەیە گرفتەکان لەڕێگەی یاسا و دەستورەوە چارەسەر بکرێن.

‎هەر لە کۆبوونەوەکەدا ڤۆلکەر پێرسێس، پلان و بەرنامەی یونامى بۆ داهاتوو خستەڕوو، ئاماژەی بەوەش دا کە ئامادەن بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ عێراقییەکان.

News Code 222505

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha