سیستمی کۆتا پێکهاتەکان لاواز دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کەسایەتییەکی دیاری تورکمان تەئکید لەوەدەکاتەوە، سیستمی کۆتا لە هەڵبژاردنەکاندا لە چوارچێوەی بازنەیەکی بچووک و داخراودایە و بەواتای پەیڕەوکردنی سیاسەتی کۆتاییپێهێنانی کۆتاکانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەنعان ئەحمەد ئاغا کەسایەتیی دیاری تورکمانی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە: "سیستمی کۆتا ئامرازێکە بۆ کەمکردنەوەی مافە مرۆیی و نیشتمانییەکانی پێکهاتەکان، کە لەڕێی یاساکانی مافی مرۆڤ و دەستووری عیراقییەوە بەدەستیانهێناوە".

سەنعان ئاغا کە هاوکات یەکێکە لە دامەزرێنەرانی بەرەی تورکمانی عێراقی راشیگەیاندووە: "بڕیاری دادگای فیدراڵی هەرچۆنێک بێت، پێویستە لەسەر سیاسەتمەداران و تایبەتمەندانی بواری نیشتمانی و نەتەوەیی، لەڕێی لیستێکی یەکگرتووەوە کە نوێنەرایەتی هەموو هاووڵاتیان بکات لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، بەشێوەیەک کە هەر ئەندامێکی پەرلەمان نوێنەری هەموو هاووڵاتیان بێت بەبێ جیاوازی، وەک چۆن لەدەستووری عێراق و دەستوری وڵاتانی جیهانی پێشکەوتووشدا پەیڕەودەکرێت".

هەر لەراگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە سۆنگەی ئازادی ڕادەربڕینەوە پێمان وایە کە سیستمی کۆتا بازنەیەکی بچووک و داخراوە و بۆ بێتوانا کردنی پێکهاتەکانە لە نوێنەرایەتی کردنی هاووڵاتیان بەگشتی و ئەو پێکهاتەیەی کە نوێنەرایەتی دەکات بەتایبەتی، هەر بۆیە هێشتنەوەی ئەم سیستمە بەواتای پەیڕەوکردنی سیاسەتی کۆتایی پێهێنانی پێکهاتەکانە بە چەند قۆناغێکی یەک لەدوای یەک".

سەنعان ئەحمەد ئاغا داواشی لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە خۆیان ڕزگار بکەن لە کۆت و بەندی سیستمی کۆتا و بەئیرادەیەکی ئازادەوە بچنە ناو گۆڕەپانی سیاسەتەوە و نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەکان بن.

News Code 222432

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha