بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهام ئەحمەد، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئه‌وسه‌ت، رایگه‌یاند، فراوانبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە کەرتی غەزە کاریگەریی دەبێت لەسەر تەواوی ناوچەکە بە سووریاشەوە، هه‌روه‌ها کاریگەریی لەسەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ده‌بێت.
ناوبراو هەروەها هاوسۆزیی خۆی بۆ هەموو ئەو قوربانیانەی دەربڕی کە لە سەرەتای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە بوونه‌ته قوربانی، و وتی: "دڵگرانین له كوژرانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له هه‌ردوولا، دەکرا ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ دۆزراباوه، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ شه‌ڕ ببه‌ن و بچێتە ناو شەڕەوە بێ کۆتایی".
بەپێی ڕۆژنامەکە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مه‌سه‌ده باسی لە پێشهاتە سەربازی و سیاسییەکانی سووریا کرد و ڕایگه‌یاند: "تورکیا هەمیشە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی له كوردستانی سووریا و ئەم داواکارییە دەکاتە مەرجێک لەسەر هاوبەشەکانی لە ناتۆ، بۆ ئەوەی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا وه‌ربگرێت".
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا لە دانوستانه‌كانی ئه‌ستانادا لەگەڵ ڕووسیا داوای ڕێگە پێدان ده‌كات تا هێرش بکاتە سەر كوردستانی سووریا لە بەرامبەردا ڕێگە بە ڕووسیا بدات هێرش بكاته سه‌ر ناوچەکانی دیکەی سووریا کە لەژێر ده‌ستی میلیشیاكانی توركیادایه لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە".
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانه‌كانی سێ قۆڵی ئه‌ستانا لە نێوان ڕووسیا، تورکیا و ئێران بەشدار و کاریگەرە لە دوسیه‌ی سووریا و بەرژەوەندییه هاوبه‌شه‌كانی ئه‌و سێ وڵاته دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانه لە خاکی سوریا".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "تورکیا هەوڵ دەدات ڕای گشتی عەرەبی ڕازی بکات له دژی به‌ڕیوبه‌رایه‌تی خۆسەری له كوردستانی سووریا و هەروەها هه‌وڵیش ده‌دات چاره‌سه‌ره سیاسییه‌كانی نێوان به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسه‌ری له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی سووریا تێكبدات".
Your Comment