بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لهو بەڵگە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتووە کە تورکیا بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستیکردوە بەدروستکردنی ڕێگەوبان و دانانی بنکە و بارەگای سەربازیی لە نزیک خاڵەکانی هێزی پێشمەرگە بەجۆرێک لەهەندێک خاڵی سەربازیی هێزی پێسمەرگەدا سوپای تورکیا سەنگەری دروست کردووە و تەنها چەند مەترێک لەنێوان هەردوو هێزەکەدا هەیە.
بەڵگە ڤیدیۆییەکان ئەوە دەردەخەن کە سوپای تورکیا لە شوێنە ستراتیژیەکانی شاخەکانی (ئامێدی، هەکاری و چەرچڵ)، بنکەی گەورەی داناوە و لە نزیک شارۆچکەی ئامێدیش تەنها بەدووریی چەند کیلۆمەترێک سەنگەری لێداوە کە دەتوانێت لەهەر کاتێکدا بیەوێت زۆر بەزوویی بگاتە چەقی شارۆچکەکە.
لە هەندێک ناوچە کە سەنگەری چەکدارانی پەکەکە بوونی هەیە، سوپای تورکیا بەهەماهەنگی هێزەکانی پێشمەرگە و بە جادە و ڕێگهی سەربازیی پێشمەرگەدا گەشتۆتە خاڵی باڵاتر و لەسەرو بنکەکانی پەکەکەوە سەنگەری لێداوە و بنکەی دروست کردووە کە بەهەمانشێوە دەکەونە نزیک بنکە و سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەوە.
فراوان کردنی دانان و جێگیرکردنی سەنگەر و بنکەی سەربازیی سوپای تورکیا لە نزیک هێزەکانی پێشمەرگە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە ئەوە ڕەت دەکەنەوە هیچ هەماهەنگییەکی سەربازیی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای تورکیا هەبێت.
Your Comment