کوردپرێس
دکتۆر نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چارەنووسی پشکی هەرێم لەبوودجەی گشتیی عێراق و وتی: بە دڵنیاییەوە لەبەر ئەوەی کە ۷۰۰ ملیاری قەرز بۆ سێ مانگ پێشتر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی لێدراوە چاوەڕوان ئەکرێت تاکۆتایی ئەم هەفتەیە بە سێ گوژمە لە بانکەکانی ڕافدین و ڕەشید و تیبیئای-وە بگاتە هەرێمی کوردستان و مانگی داهاتوویش لەگەڵ دابەش کردنی مووچەدا بەهەمان شێوە گوژمەی سێهەمی ئەو پارە ئەگاتە هەرێم.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی چارەنووسی مووچەی کارمەندان لە داهاتوو و پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق ڕایگەیاند: بە نیسبەت هاتنی شاندەکە و ئایندەی مووچەی فەرمانەبەرانی هەرێمی کوردستان و پشکی هەرێم لە بوودجە، ئەو ڕاپۆرتەی کە شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو پێشکەشیان کرد زانیاریی زۆر ورد و باشی تێدا بوو سەبارەت بە داهات و خەرجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو داتا و زانییارییانە لەلایەن دیوانی چاودێریی عێراق و هەروەها هەرێمی کوردستانەوە پشتڕاست کراوەتەوە؛ هەربۆیە ڕەزامەندیی لەلای لیژنەی دارایی دروست کرد یا بڵێین ئەو داتایانە قەناعەتێکی لەلا دروست کردن.
د.نەرمین مەعرووف زیادی کرد: پێویست ئەکات بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەش بکات پێداچوونەوەیەک بکرێت بۆ یاسای بوودجە بەتایبەتی لەو بڕگەیە کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان و دەبێت بەجۆرێک بێت کە گەرەنتیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکات. ئەمەش دوای ئەوەی کە وا هەرێمی کوردستان داتای خۆی خستەڕوو سەبارەت بە ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پلەی وەزیفیان و هەروەها بڕی ئەو پارەیە کە پێویستە بۆ دابەش کردنی مووچەکانیان.
ئەندامی کۆمیسیۆنی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نزیک بوونەوەی وادەی کۆتایی هاتنی وەرزی یاسادانان و ئەو دەرفەتە لەبەردەستە بۆ هەموار کردنی یاسای بوودجە ئاشکرای کرد: لەبەرئەوە چاوەڕوان ئەکرێت دوای ئەم لێکتێگەیشتنە لە ئایندەیەکی نزیکدا پێداچوونەوە بکرێت بۆ قانوونی موازنە و تا ئەو کاتەش ڕەنگە هەرێمی کوردستان ئەگەر بێت و فریا بکەوێت پێش تەواوبوونی وەرزی یاسادانان ئەو هەموارە بکرێت و ئەو کاتە ئەتوانرێت بڵێین کە مووچەی فەرمانبەران گەرەنتی دەکرێت. ئەگەر ئەوەش نەبوو هەرێمی کورستان ئەتوانێت قەرز وەربگرێت تا ئەو کاتەی کە هەمواری یاساکە ئەکرێت لە سای ۲۰۲۴دا. لەبەرئەوەی کە ماوەی دەوام کردنی ئەو وەرزی یاسادانانەی پەرلەمانی عێراق هێندەی نەماوە و لەبەر ئەمەش ئەگەری هەیە کە فریا نەکەون بەم دوو هەفتەی کە ماوە هەمواری یاساکە بکەن.
دکتۆر نەرمین مەعرووف زیادی کرد: بۆیە ڕەنگە پێویست بکا کە هەرێمی کوردستان بۆ یەک دوو مانگی دیکەش قەرزێکی دیکە بکات تا ئەو کاتەی کە وەرزی یاسادانانی نوێ دەست پێدەکاتەوە و هەمواری یاسای مەوازەنە ئەکرێت. بە ڕاستییەکەی نازانم کام لەمانە ئەکرێت تا چەند ڕۆژی داهاتوو ڕوون ئەبێتەوە کە کام ئەگەریان زیاتر قابیلی ئەوەیە کەوا جێبەجێ بکرێت. بەڵام لە هەموو بارودۆخێکدا لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە سەبارەت بە چارەسەر کردنێکی ڕیشەیی بۆ پرسی مووچە و تێکەڵ نەکردنی لەگەڵ هیچ دۆسیەیەکی سیاسی و هیچ ڕێکارێکی کارگێڕی و دارایی کە لە قانوونی مەوازەنەدا هاتووە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران هەمیشە مسۆگەر بکرێت.
Your Comment