دوایین زیانەکانی هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا بڵاو کرایەوە

بەشی سووریا- ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، دەوڵەتی  تورکیا ۱۰۴ باڵەخانە، دامەزراوەی کارەبا، نەوت و ناوەندەکانی خوێندن و شوێنی دیکەی بۆردومان کردووە.

 بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی شارپرێس بڵاوی کردەوە ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری قامیشلۆی کوردستانی سووریا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا زیانەکانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای لە نێوان ٥ بۆ ٩ی ئۆکتۆبەر لە دژی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا زیانەکانی دوایین هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دژ بە ناوچەکە بۆ ڕێکخراوە ناوخۆیی و جیهانی و مرۆیی و یاساییەکان ئاشکرا کرا.

 بەپێی ئاماری بڵاوکراوە، ۱۷ دامەزراوەی غاز و نەوت کرانە ئامانج، بەهۆیەوە زیاتر لە ۵ ملیۆن هاووڵاتی زیانیان بەرکەوت.

هەروەها  ۱۱ وێستگەی کارەبا کرانە ئامانج، زیاتر لە ۲ ملیۆن کەس لە حەسەکە، عامودا، ڕمێلان، ترپەسپی، قامیشلۆ، دەرباسییە و ناوچە گوندنشینەکانیان زیانیان بەرکەوت.

دوو پرۆژەی ئاو کرانە ئامانج، لە ئەنجامدا ١٨ وێستگە بەهۆی ئامانج‌کردن و پچڕانی کارەباوە لە خزمەتگوزاری دەرچوون لەنێویاندا وێستگەی ئێلۆک.

 دوو نەخۆشخانەی دەڤەری جزیرە ‌و کۆبانێ بەتەواوی لە خزمەتگوزاری دەرچوون.

 چالاکی پەروەردەیی ڕاگیرا، ۴۸ ناوەندی پەروەردە کرانە ئامانج و هەزاران خوێندکار بێ خوێندن مانەوە.  لە هێرشەکانی سەر ئەو ناوەندانەدا ٢ منداڵ شەهید بوون، منداڵێکیش بە سەختی بریندار بوو.

 سێ  دامەزراوەی پیشەسازی لە زۆر ناوچەی جزیرە و کۆبانێ لە خزمەتگوزاری بێبەش بوون.

 ئەکادیمیایەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەی ڕمێلان بە تەواوی لەناوچوو.

بە گشتی ۱۰۴ شوێن و باڵەخانە و کارەبا و نەوت و ناوەندەکانی پەروەردە کرانە ئامانج، هەندێکیان بەتەواوی وێران بوون و لەخزمەتی دەرچوون، هەندێکیان زیانی ماددییان بەرکەوت.

 دەوڵەتی تورکیا لە ٥ تا ٩ی ئۆکتۆبەر ٥٨٠ هێرشی ئاسمانی و زەمینی لە دێرکەوە بۆ شەهبا ئەنجامدا.

دەرئەنجامی هێرشەکان: ۴۴ هاوڵاتی گیانیان سپاردووە، ۵۵ کەسیش بریندار بوون کە لە نێویاندا منداڵ، ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، شەڕڤانانی هەسەدە هەبوون، هەروەها  ٢٩ کەس لەهێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان گیانیان لەدەست دا.

 ئیدارەی خۆسەر داوای لە هەموو هێزەکانی چالاک لە سووریا، دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافەکانی مرۆڤ و چالاکانی کۆمەڵایەتی و مەدەنی کرد، هەڵوێستی ڕوون لە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دژی ئەم هەرێمە و گەل نیشان بدەن.

ئاماژە بەوەش دەکەن، کە پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕوون و شەفاف لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا لەم ناوچەیەدا لە لایەن لیژنە نێودەوڵەتییە شارەزاکانەوە ئەنجام بدرێت.

News Code 222340

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha