کوردپرێس:
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی عێراق ئۆیل ریپۆرت، سهرهتای مانگی ۱۰ی ئهمساڵ، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی تورکیا ناسراو بە "بۆتاش" نامهیهكی ئاراستهی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" ناردوه و تێیدا بەشێوەیەکی فەرمی بەرپرسانی حکوو مەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا لەناو خاکی تورکیا ئامادەیە بۆ گواستنەوەو بارکردنو کۆگاکردنی نەوت.
۱۱ی ئهم مانگهش، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی وزە لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە، تورکیا بەفەرمی حکوومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
رۆژی ۲۵ی مانگی ئاداری ئهمساڵ، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس ڕاگیرا، دادگاكه بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان ڕاگیرا.
پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، ڕۆژانە ۴۴۵ هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە ههناردهی تورکیا دهكرا کە ۳۷۰ هەزار بەرمیلی لە هەرێمی کوردستان و ۷۵ هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکووک بوو.
Your Comment