بۆچی ئاساییه‌ بەرپرسان ڕاسته‌وخۆ مووچه‌یان له ‌به‌غداوه‌ بۆ دێت‌ به‌ڵام بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم نائاساییه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- درەو میدیا بڵاوی دەکاتەوە چه‌ند ڕۆژێکه‌ ئه‌و پرسیاره‌ دوباره‌ ده‌کرێته‌وه‌ بۆچی ئاساییه‌ سه‌رۆک کۆماری ئێستاو پێشو و ئه‌ندامانی پێشووی مه‌جلیسی حوکم، وه‌زیر و په‌رله‌مانتارانی کورد له‌ به‌غدا، فه‌رمانگه‌کانی پاسه‌وانیی سنور و هه‌ندێ فه‌رمانگه‌ی ئیتیحادیی تر له‌ هه‌رێم راسته‌وخۆ مووچه‌یان له‌به‌غداوه‌ بۆ دێت،‌ به‌ڵام بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم نائاساییه‌.

ئه‌مه‌ پرسیارێکی ئاساییه ‌و به‌مێشکی زۆر که‌سدا دێت، هه‌ندی له‌په‌رله‌مانتارانیش زۆر ئه‌ی وروژێنن، هه‌رچه‌نده‌ ده‌بو په‌رله‌مانتاره‌کان له‌وه‌دا ووردتر بن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌و پرسیاره‌ نه‌ کوفره‌ و نه‌ حه‌رام، یان ده‌بی وه‌ڵامێکی گونجاو هه‌بیت بۆی، یان ده‌بی به‌ڕه‌وا بزانرێ و لانی که‌م له‌ئاستیدا بێده‌نگی هه‌ڵبژێردرێ.

سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارە بۆچونی ئێمه‌ به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌یه‌:

داهاتی عێراق مافی هه‌مو خه‌ڵکی هه‌رێمیشی تێدایه‌ وه‌ک هه‌مو خه‌ڵکانی تری عێراق، به‌ڵام پێکهاته‌ی کارگێڕی و دارایی و دامه‌زراوه‌یی و یاسایی ده‌وڵه‌تی ئێستای عێراق به‌ جۆرێکه‌ ڕێکاره‌ کارگێری و داراییه‌کانی جیاوازیان تێدایە ‌و هه‌موشتێک مه‌رکه‌زی نیە، بۆیە سوودمەند بوون لەو داهاته‌ و وەرگرتنی ئەو مافە، ڕێگەو ڕێکاری جیاوازی هەیە، سه‌رباری ئه‌وه‌یش بەربەستی  زۆر و جۆراو جۆریشی بۆ دروست کراوە‌.

 دەوڵەتی عێراق لە دو ئاستی حکومی پێک دێت، حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێم،  ڕایەڵەی پەیوەندییە کارگێڕی و داراییەکان لەم دەوڵەتەدا چ بەشێوەی ستونی و چ بە شێوەی ئاسۆیی  تاڕادەیەکی زۆر جیاوازە لە دەوڵەتێکی سادە یان مەرکەزیی.

 لێره‌دا مه‌سه‌لەکه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ کێ کورده‌ و کێ عه‌ره‌به‌، کێ له‌هه‌رێم داده‌نیشی و کێ لە خوارو و ناوه‌ڕاستی عێراق، مووچه‌ی ڕاسته‌وخۆی به‌غدا بۆ کێ حەڵاڵە و بۆکێ حەرام، به‌ڵکو  بابه‌ته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و فەرمانگە و کەسانەی ڕاستەوخۆ موچەیان لەسەر بەغدایە، له‌ڕوی ڕایه‌ڵه‌ی کارگێڕی و یاسایی و داراییه‌وه‌ له‌ چه‌ند شتێکدا جیاوازن له‌ فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌ خۆرانی هه‌رێم :

ئه‌وان‌ فه‌رمانگه‌کانیان ڕاسته‌وخۆ به‌شێکن له‌ پێکهاته‌ی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌ ئیتیحادیه‌کان.

ئه‌وان فه‌رمانبه‌ر و خانه‌نشینی سه‌ر به‌داموده‌زگا‌ ئیتیحادیه‌کانی به‌غدان.

ئه‌وان ڕاسته‌وخۆ ئه‌رک بۆ فه‌رمانگه‌ ئیتیحادیه‌کان ڕاده‌په‌ڕێنن و ڕاستەوخۆ مافەکانیان لەو وەردەگرن.

ئه‌وان له‌سه‌ر میلاکی فه‌رمانگه‌ ئیتیحادیه‌کان دامه‌زراون، دۆسیه‌و میلاکیان له‌وێیه‌.

ئه‌وان ته‌رخانکراوی بودجه‌یان له‌ناو ئه‌و فه‌رمانگه‌ ئیتحادیانه‌دایه‌ که‌ به‌شێکن لێی.

ئه‌وان هه‌ر له‌ دامه‌زراندن و دیاریکردنی مووچه‌کانیانه‌وه‌ تاکوو هه‌موو گۆڕانکاریه‌کان و تاکو فه‌رمانی خانه‌نشین بونیان و دیاریکردنی مووچه‌ی خانه‌نشینیان هه‌موی به‌فه‌رمانی سه‌رۆکایه‌تی و فه‌رمانی وه‌زرای و فه‌رمانی کارگێڕی له‌ دامه‌زراوه‌ ئیتیحادیه‌کانه‌وه‌ به‌ یاسا و ڕێنیماییه‌کانی ئه‌وێ ئه‌نجام دراوه‌.

ئه‌وان فه‌رمانگه‌کانیان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا ئێستا ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، ته‌رخانکراوی تایبه‌تی یه‌کبه‌یه‌کی ئه‌و فه‌رمانگانه‌ له‌وێیه‌ و له‌لای گه‌نجینه‌کان دیاره‌.

ئه‌وان هه‌موو کاروباره‌ داراییه‌کانیان له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا ئێستا به‌و ڕێکار و ڕێنماییانه‌ ئه‌نجام دراون که‌ گه‌نجینه‌کانی به‌غدا و خوارو کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن و و به‌راییه‌کانیان له‌وێ هه‌یه‌.

به‌ڵام بۆ فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێم هه‌مو ئه‌و شتانه‌ به‌جۆرێکی ترن و له‌ جیاتی سه‌ربه‌ دامه‌زراوه‌ ئیتیحادیه‌کان بن، ڕایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندیی کارگێڕی و دارایی و هه‌مو شته‌کانیان سه‌ر بە ‌دامه‌زراوه‌کانی هه‌رێمن.

له‌به‌ر ئه‌م به‌ربه‌ست و ڕیگریانه‌ و زۆری تریش که‌ پێشتر باسمان کردون ئێمه‌ پیمانوایه‌ ئاسان نیه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بدرێت، ته‌نها له‌و کاته‌دا نه‌بێت که‌ حکوومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵوه‌شینرابێته‌وه‌ و هه‌مو فه‌رمانگه‌کان ڕاسته‌وخۆ بوبن به‌ به‌شیک له‌وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌کانی به‌غدا و حکوومه‌تێکی مه‌رکه‌زیی وه‌ک ساڵانی هه‌شتاکان حوکمی هه‌مو عێراق بکات.

ئه‌مه‌ ڕوده‌دا یان ڕو نادا، کێ پێی خۆشه‌ و کێ پێی ناخۆشه‌، زیانی هه‌یه‌ یان قازانج، زۆر ده‌خایه‌نی یان که‌م، سه‌رکه‌وتو ده‌بی یان نا، ئه‌وانه‌ هه‌موو بابه‌تی ترن و ئێمه‌ لێره‌دا قسه‌یان له‌سه‌ر ناکه‌ین.

News Code 222295

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha