بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێدا کۆبووەوە و باسیان لە پڕۆژەکەی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ بۆ دابەش کردنی مووچەی هەرێم لەلایەن بانکی بازرگانی عێراقەوە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا شاسوار عەبدولواحید پرۆژەکەی پێشکەشی محەمەد شیاع سوودانی کرد و سوودانیش پرۆژەکەی پەسەند کرد و باسی لەوەکرد، ڕەوانەی پەرلەمانی دەکەن.
لە دوو رۆژی رابردوودا فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عیراق پرۆژەیەکیان پێشکەش کرد بۆ دابەش کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەرێگەی بانکی بازرگانی عێراقەوە و چەند پەرلەمانتاریکی فڕاکسیۆنە جیاوازەکانی هەرێم و عێراقیش واژۆیان لەسەر پرۆژەکە کرد.
لە پرۆژەکەی نەوەی نوێدا، هەموو مووچەخۆرێکی هەرێم هەژمارێکی بانکی لە بانکی بازرگانی عێراق کە لقی لە هەرێمیش هەیە بۆ دەکرێتەوە و مانگانە لەرێگەیەوە مووچەکەی وەردەگرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە و بەشێک لە سێکتەرەکانی پەروەردە و تەندروستی بەهۆی پێنەدانی مووچەوە راگیراون.
Your Comment