بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت: دڵنیایه هەموو ئەندامانی یەکێتی جگە لهوانهی "كهرامهتی خۆیان فرۆشتوه" خەمێکی گەورەیان لە ئەنجام و بنەمای کۆنگرەکە هەیە.
مەلا بەختیار له پهیامە ڤیدیۆییەکەدا راشیگهیاند، سێ هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبووتەوە، بافڵ تاڵەبانی پێیوایە یەکێتی لە دۆخێکی باشدایە و لە هەڵبژاردنی داهاتوو ئەنجامی باش دەهێنن و دەوڵەتان لێی ڕازین و دوو مانگی دیکە سەردانی تورکیا دەکات و کێشەکان چارەسەر دەکات.
ناوبراو ئاماژهی بهوهش كرد، لە کۆنگرەی ئەمجارەدا بە نیازن ۳۱ کەس بخەنە ئەنجومەنی باڵا، داوام کردووە پڕۆژەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا بنێرن بۆ ئەنجومەنەکە تاوەکوو پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بەڵام نەیان ناردوە.
مەلا بەختیار باسی لهوهش كردوه، "ئۆباڵی بەشدارینەکردنی مەلا بەختیار و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی لە کۆنگرەی ئەمجارە، دەکەوێتە سەر مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بە تایبەتی بافڵ تاڵەبانی، کۆنگرەکانی پێشوو ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێک تەنها ئامادەکاری بۆ دەکرا، سەرجەم هەڵوێست و رەخنەی ئەندامەکان کۆ دەکرانەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرا پاشان کۆنگرە دەبەسترا".
ئهوهشی خستهڕووه، "لە کۆنگرەی ئەمجارە هەڵبژاردن بوونی نییە، تەنها دەستنیشانکردن هەیە، گوێ بەوەنەدراوە کە کادرە پێشکەوتوەکان و کەسوکاری شەهیدان هەڵببژێردرێن، بە ئەندامانی دیکە وتراوە کە دەنگ نەدەن بەو کەسانە".
ئهوهشی خستهڕوو، "یەکێتی لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی رێژەی ئەگەری دەنگەکانی کەمیکردووە، سەرجەم دەرگاکانی رێککەوتنی داخستووە، سەرەنجامی کۆی سیاسەتی ساڵانی رابردووی یەکێتی، یەکێتی کردوەتە بە بەشێک لە شکستەکانی حکوومەت، هیچ خالێکی نەرێنی حکوومەت نییە یەکێتی تێدا نەبووبێت".
مهلا بهختیار پهیوهست به ههڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ساڵی ۲۰۲۱ بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی پێشوو دەنگەکانی یەکێتی بە رێژەی ۱۷۷ هەزار و ۵۲۰ دەنگ دابەزیوە، تەنها ۶%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، هەر لە بەراورد ئەو دوو پڕۆسەی هەڵبژاردنە، رێژەی دەنگەکانی پارتی ۱۴۵ هەزار و ۴۷۹ دەنگ دابەزیوە، گۆڕانیش ۱۷۷ هەزار دەنگ کەمیکردوە، واتا بە سەرجەم حزبەکانەوە ۵۰۰ هەزار و ۱۹۰ دەنگیان لەدەست داوە".
مهلا بهختیار دهڵێت، "۶۴% خەڵکی هەرێم و کوردی ناوچە کێشەلەسەرەکان بایکۆتی دەنگدانیان کردووە، هەموو تاکێکی کورد دەزانن بەرپرسەکان چۆن گەندەڵی دەکەن و لە کام نەوت دەبەن و لە کام خاڵی سنوری قاچاخچێتی دەکەن".
ناوبراو ڕوونیشیكردهوه: "ئەو هەڵسوکەوتەی لە ئێستادا بەرامبەر ئەندامانی یەکێتی بەکاردەهێنرێت، تەنها لە سیاسەتی حزبە دیکتاتۆرییەکاندا بەدیم کردووە، لاهور شێخ جەنگی و لایەنگرەکانی لە یەکێتی دوور خرانەوە و ئهگهر ههیه لیستی جیاوازی خۆیان دروست بکەن و دروستیشی دەکەن".
لهبارهی ریفراندۆمهوه، مهلا بهختیار باسی لهوهكردوه، "راستە ڕیفراندۆم بنەما و مافی هەرێمی کوردستانە، بەڵام شکستی هێنا و ناتوانرێت ئینکاری لە شکستەکەی بکرێت، لە کاتی ریفراندۆم دەرکەوت، کە هیچ دەوڵەتێکی پشتیوانی هەرێم نییە".
Your Comment