کۆمەڵی دادگەری هێرشی توندی کردە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەری رایدەگەیەنێت حكوومەتی كاربەڕێكەر مافی نییە بەناوی هەرێمەوە هیچ هەنگاوێكی ستراتیژی بنێت.

کوردپرێس:

بەپێی راگەیەنراوی كۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئەمرۆ شەممە لە شاری سلێمانی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵ بە سەرۆكایەتی عەلی باپیر، سەرۆكی ئەو حیزبە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام داوە و جارێكی دیكە جەختی كردەوە: "پێویستە حكوومەت بە زووترین كات دەست بە دابەش كردنی مووچەی فەرمانبەران بكات بەو داهاتەی لەبەردەستدایە تا ئەوكاتەی پارە لە بەغداوە دەگات، چونكە داهاتی ناوخۆ ئەوەندە لەبەردەستە كە بتوانرێت مووچە دابەش بكرێت". 

کۆمەڵی دادگەری هەروەها جەختی كردەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بەو پێیەی ئێستا هەرێم لە غیابی دەسەڵاتی یاساداناندایە و حكوومەتی كاربەڕێكەر مافی نییە بەناوی هەرێمی كوردستانەوە هیچ هەنگاوێكی ستراتیژی بنێت. هەر بۆیە گرنگە هەڵبژاردنێكی پاک و بێگەرد بە چاودێریی لایەنی نێودەوڵەتی بەرێوە بچێت. 

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە: "ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەری بانگهێشتی تەواوی كەس و لایەنە نارازییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دروستكردنی بەرە و لیستی هاوبەش، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمەڵی دادگەری ئامادەیە لە دەرگای تەواوی ئەو لایەنانە بدات بۆ دروستكردنی ئەو بەرەیە".

News Code 222181

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha