بەپێی هەواڵی کورد پرێس ڕۆژی دووشەممە ۴ی ئەیلوولی ۲۰۲۳ لە شاری کەرکووک لاهوور شێخ جەنگی چاوی بە کەسوکاری قوربانیانی ڕۆژی شەممە و خەڵکی کەرکووک کەوت و بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند: میللەتی کورد میللەتێکی بێپشت و پەنایە کە نابێت چاوەڕێی پاڵپشتی کەسانی دیکە بکات، چوونکە هیچ لایەن و بزووتنەوەیەکی سیاسی پشتیوانی کورد ناکات، بەڵکوو دەبێت بۆ خۆی بەدوای چارەسەردا بگەڕێت.
لاهوور شێخ جەنگی لە وەڵامی هەواڵنێرێکدا کە پرسی هەڵویستی سیاسیی ئێوە لەبارەی شاری کەرکووکەوە چییە؟ وتی: گەلی کورد گەلێکی چەوساوەیە و ناشبێت چاوەڕێی یارمەتی هیچ لایەنێک بکات بەرپرسی ڕووداوەکانی ئەمدواییەی کەرکووک حکوومەتی عێراق و محەمەد شیاع سوودانیە کە مۆڵەتی بە حەشدی شەعبی دا ۴ ڕۆژ ڕێگاکان دابخات و ئەمەش قبووڵکراو نییە.
لە کۆتاییدا لاهوور شێخ جەنگی هاوخەمیی خۆی بە کەسوکاری کوژراوەکان ڕاگەیاند و بە خەڵکی کەرکووکی وت: سەبر و تەحمولتان هەبێت گەنجەکانتان هەڵنەخەڵەتێن چوونکە نەتەوەکانی تر لەناو کەرکووک هەموو پشتیوانی ئیقلیمی نێوخۆییان هەیە و تاکە کەس کورد، کەس بە فریای ئێوە ناگات و پێشمەرگەیش نایەت، بەداخەوە حزبەکان دوژمنیان شاد کرد.
Your Comment