سوودانی لەسەر دۆخی کەرکووک پەیوەندی لەگەڵ نێچیرڤان و مەسعوود بارزانی ئەنجام دا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوو پەیوەندی تەلەفۆنی جیادا لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، بارودۆخی کەرکوکیان تاوتوێ کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ  مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، چڕکردنەوەی کاری یەکگرتوویان پشتڕاست کردەوە بەمەبەستی ڕێگری‌کردن لە هەموو ئەوانەی ئاسایش و سەقامگیری شاری کەرکووک تێکدەدەن و هەروەها جەختیان لەسەر جێبەجێ کردنی یاسا لەلایەن هێزە ئەمنییەکان کردەوە، لە پێناو بەردەوام بوونی ئاشتی مەدەنی و ژیانی ئاسایی هاوڵاتیانی پارێزگاکە.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە پەیوەندییەکی دیکەدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە بارودۆخی پارێزگاری کەرکووک جەختیان لەوەکردوە، رێگە نەدرێت بەهیچ کەسێک نابەرپرسیارانە بنەمای کۆمەڵایەتی و برایەتی بکاتە ئامانج، دوای ئەوەی کەرکوک بەهەمو پێکهاتەکانیەوە روبەڕوی تیرۆر بۆوە و سەلماندیان کەرکووک شاری نموونەیی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتیە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێنماییەکانی خۆی بۆ لایەنە تایبەتمەندەکان پشتڕاست کردەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکە بۆئەوەی بزانرێت کێ بوەتە هۆی گیانلەدەست‌دانی هاوڵاتییەک و برینداربوونی کەسانی دیکە.

News Code 222073

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha