بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوورى مهحموود وتهبێژى یهكینهكانى پاراستنى گهل (یهپهگه) له گفتوگۆ لەگەڵ شارپرێسدا ڕایگهیاندووە: "له۲۷ى ئهم مانگهدا هەسەدە بەهاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لەناوچەی دێرەزوور دەستپێکرد، ئەم ئۆپەراسیۆنە کە تائێستاش بەردەوامە، زۆرباس و هەڵسەنگاندنی بۆکراوە".
ناوبراو وتیشی: دەمێکە پێمان دەوترێت لەدەڤەری دێرەزۆر شانەی داعش و بازرگانی مادەی هۆشبەر و کەسانێک لە حکوومەتدا هەن و خهڵک دهچهوسێننهوه، لەسەر ئەو بنەمایە، لە۲۷ى ئاب ئۆپەراسیۆنێک بۆ سەر شانەکانی داعش و بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان و کەسانی ناو حکوومەت كه ئەرکەکانیان بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەکاردەهێنن، دەستیپێکرد و تائێستاش بهردهوامه.
نووری مەحموود زیادی کرد تائێستا هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم ئۆپەراسیۆنەکانماندا نییە و دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بهڵام هێشتا لایەنە بیانییەکان هەوڵی دروستکردنی فیتنە دەدەن، بەتایبەت لەڕێگەی کەسایەتییەکانیانەوە کە لەناوچەکانی ژێر داگیرکاری تورکیا یان لە ناوچەی ڕژێمی سووریادان، دەمەوێت بڵێم ئەوانەی ئێستا لە دێرەزوور شەڕی HSD دەکەن، شانەکانی داعش و ئەو تاکانەن کە بازرگانی بەمادەی هۆشبەرەوە دەکەن کە سوودیان لە دەسەڵات وەرگرتووە، بەڵام کۆمەڵگه و خەڵکی دێرهزوور بەتەواوی لەگەڵ ئەم ئۆپەراسیۆنەدان.
لەلایەکی ترەوە ئەو چەکدارانەی ئێستا ئەم ئۆپەراسیۆنە بەڕێوەدەبەن، شەڕڤان و فەرماندەی دەڤەری دێرهزوورن، واتە خەڵکی دێرهزوورن، بۆیە هیچ ئاستەنگێک نییە کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد، تەنها هەوڵماندا ڕێگریی لەشەڕبکەین و بتوانین شانەکانی داعش و بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان بگرین، بەڵام ئەوان پێیانوابوو کە لەڕێگەی شەڕەوە دەتوانن شتێک بکەن، بۆیە شەڕ لەشوێنەکانی دیکە هەڵگیرسا.
وتەبێژی یەپەگە ئەوەشی وت: ئەوانەی دەیانەوێت ململانێی عەرەب و کورد دروست بکەن، ڕوونن، ئەوانهن كه دەیانەوێت پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری شكست پێبهێنن، ئەو پارتانەی نەیانتوانی لەڕێگەی ئابڵوقەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەوە بۆسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شکست بەپرۆژەی ئیدارەی خۆسەر بێنن، ئێستا دەیانەوێت لەڕێگەی دروشمە کۆنەکانەوە فیتنەیەک دروست بکەن، بهڵام با هەموان بزانن کە لە دێرهزوور هۆزەکان و ئەنجومەنی سەربازیش کە هاوکات بەشێکە لە هەسەدە، خۆیان ئەم ئۆپەراسیۆنە بەڕێوەدەبەن، بۆیە ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوور ئەم ئۆپەراسیۆنەی بە گونجاوزانی و بڕیاریدا پشت بەفەرماندەیی هەسەدە ببەستێت و ئەم ئۆپەراسیۆنە دەستیپێکرد.
بەشێوەیەکی باش خەڵکی دێرەزور کە لەئەنجومەنی سەربازیدان ئەم ئۆپەراسیۆنەیان لەدژی گەندەڵی و قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر و شانەکانی داعش ئەنجامدا، بۆیە ئەوانەی دەڵێن ئەمە شەڕی کورد و عەرەبە، دەمەوێت بڵێم لە دێرەزوور کورد نییە، ئەوکەسانەی شەڕدەکەن خەڵکی دێرەزوورن، بەپێچەوانەوە شەڕی داعش و گەندەڵییه، ئهوانهى ئهو قسهیه دهكهن و دهیانهوێت فیتنە لەنێوان عەرەب و کورد دروست بکەن، تورکیاو ڕژێمی سووریا و ئێرانن.
لەبارەی ئەوەی کە ئۆپەراسیۆنەکان چ کاریگەرییەکی لەسەر ئاسایشی دێرەزور دەبێت نووری مەحموود ڕایگەیاند: وەک دەزانرێت، بوونی ئهو گهندهڵكارانهى پێشتر ههموو شتێكیان لهبهرژهوهندى خۆیان كردبوو و ڕێگهیان نهدهدا دۆخی دێرەزور لەڕووی ئابووری، خزمەتگوزاری، ئاسایش، پەروەردە، تەندروستییهوه گەشەبکات و زەمینەیەکی باشیان بۆ داعش ڕەخساند، بهنهمانى ئهوانه دۆخهكه زۆرباش دهگۆڕێت و ئاسایشیش بهرقهرار دهبێت، بۆیە ئەم ئۆپەراسیۆنە لەهەموو ڕوویەکەوە بۆ خەڵکی دێرهزوور باش دەبێت، لەئەنجامدا دێرهزوور دەتوانێت سیستەمی کارگێڕیی خۆی بەشێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک ڕێکبخات وەک ڕەقە و کۆبانێ و قامیشلۆو حهسهكه.
بەشی سووریا- نووری مەحموود وتەبێژی یەپەگە وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ئۆپەراسیۆنەکانی هەسەدە لە دێرەزوور لەلایەن هێزە خۆجێییەکانەوە بەڕێوە دەچێت وتی هیچ پێکدادانێک لەنێوان کورد و عەرەب لە دێرەزوور بوونی نییە.
News Code 222064
Your Comment