تا ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا  رێککەوتن لەبارەی داهاتە نانەوتییەکان نەکراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا، دەڵێت، تا ئێستا رێککەوتن لەبارەی چەند بابەتێک لەنێوان بەغدا و هەولێر نەکراوە، لەوانەی داهاتە نانەوتییەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیان سەبری، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای حزبەکەی وتی، ئەوەی پەیوەندیی بە یاسای بودجەی عێراقەوە هەیە، هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی بەجێهێناوە، چاودێری دارایی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و وردبینیی خۆی ئەنجام‌داوە، میزانی موڕاجەعەی مانگانە رادەستی حکوومەتی عێراق کراوە، لە ئێستادا 85 هەزار بەرمیل رۆژانە رادەستی عێراق دەکرێت، رۆژ بە رۆژیش ئەو بڕە زیاتر دەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش‌داوە، تاوەکوو ئێستا لەسەر چەند پرسێک لەنێوان بەغدا و هەولێر رێککەوتن نەکراوە، لەوانە داهاتە نانەوتییەکان، بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی دەبێت، نیوەی داهات بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی و نیوەی بۆ هەرێم بێت، ئەوەی ئەوان باسی دەکەن پێچەوانەی یاسای ئیدارەی داراییە.

هەروەها وتیشی، بابەتی کۆمپانیا نەوتییەکانیش تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە.

بەپێی قسەی ڤیان سەبری، حکوومەتی عێراق بڕێکی مەزەندەکراو پارەیان داناوە بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بۆ پارێزگاکان، لەوەدا هەرێمی کوردستانیان دانەناوە یان بڕێکی زۆر کەمیان داناوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسای بودجەیە.

ناوبراو وتیشی دەبێت لانیکەم بڕی ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان مەزەندە دەکرێت بۆ ئەو شەش مانگە، شەش بۆ حەوت ترلیۆن دینار بێت، بەڵام ئەوان ئەو بڕەیان زۆر کەم کردۆتەوەو کردویانەتە 598 ملیار دینار مانگانە کە لەو بڕەش قەرزی بانکی بازرگانی عێراقیش بدرێتەوە، ئەو بڕەش بەشی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات.

بەبڕوای ڤیان سەبری بابەتی رێک نەکەوتی هەولێر و بەغدا و نەناردنی پشکی هەرێم "هۆکارەکەی سیاسییەو هەندێک جاریش مەزاجییە".

News Code 222035

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha